"ئێزدییه‌كان له نیساندا سه‌ر له نوێ له دایك ده‌بنه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
ئێزدییه‌كان ده‌ستیان كردووه به ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی ئێزدی، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ئاهه‌نگه كه له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا گێڕابێتیان، چونكه ئه‌وان مانگی ئابی ساڵی 2014، دووچاری كوشتن و ئاواره‌بوون بوون به ده‌ستی چه‌كدارانی داعش و زۆربه‌ی ناوچه‌كانیان له لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه داگیركرا.
به جلوبه‌رگی سپی و مه‌شخه‌ڵی ئاگره‌وه، له په‌رستگای "لالشی پیرۆز" كۆبوونه‌ته‌وه كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی شێخان له هه‌رێمی كوردستان، جه‌ژنه‌كه‌یان ناوی جه‌ژنی"سه‌رساڵ"ـه و "چارشه‌مبا سۆر"ییشی پێده‌ڵێن" ئه‌وه‌ش واتا سه‌ری ساڵی نوێی ئێزدی و رۆژی یه‌كی مانگی نیسانی ئێزدییه و رێككه‌وتی 19/4/2017 ی زایینی ده‌كات.
وشه‌ی نیسان لای ئێزدییه‌كان له دوو وشه‌ی جیاوازه‌وه یه‌كیان گرتووه "نی" به واتای نوێ و "سان" به واتای له دایكبوونه.
شیر ئیبراهیم كشتۆ، مامۆستای خوێندنی ئێزدی ده‌ڵێت " هه‌موومان له ناو ئازار و خه‌مباریدا ده‌ژین و نه‌هامه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌یه له‌و خێوه‌تگایانه‌دا تێیكه‌وتووین، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ (ئه‌و 19 خێوه‌تگه‌یه‌ی نزیكه‌ی 400 هه‌زار ئێزدی تێدا ده‌ژین له پارێزگای دهۆك و ناوچه‌كانی سنگال).
یه‌كێك له به‌شدارانی ئاهه‌نگه‌كه‌ی ئه‌مساڵ به ناوی "ژوان سه‌عید" ده‌ڵێت" هه‌ستێكی باشمان نییه، ره‌وشه‌كه وه‌ك پێش داگیركاری و تاڵانییه‌كه‌ی داعش نییه، هه‌سته‌كه‌ین هه‌ر جه‌ژنمان نییه، به‌ڵام پێویسته نه‌ریت و پێشینه‌ی خۆمان له بیرنه‌كه‌ین، بۆیه یاده‌كه‌مان زیندوو راگرتووه".
ئه‌و كچه به به‌رگه نه‌ریتییه‌كه‌وه قسه‌ی ده‌كرد و ده‌یگووت" هه‌موو هیواو ئاواتم گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌یه كه تا ئێستا له ده‌ست چه‌كدارانی داعشدا ماون، هیچی دیكه‌م ناوێ ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت".
له خواره‌وه‌ی رێگا شاخاوییه‌كه كه ده‌چێت به‌ره‌و په‌رستگاكه، زیاره‌تكاران پێڵاوه‌كانیان له پێیان داده‌كه‌نن و به پێی په‌تی به‌ره‌و مه‌زارگاكه ده‌ڕۆن و ئه‌و كاره‌شیان وه‌ك نه‌زرێكه ده‌یكه‌ن.
یه‌كێكی دیكه له زیاره‌تكاران كه رزگاربوویه‌كی ناوچه‌كانی شنگاله ده‌یگووت" هه‌موو ساڵێك دێینه لالش، به‌ڵام ئاهه‌نگه‌كان وه‌ك پێش رووداوه خوێناوییه‌كان به جۆش و خرۆش نیین، داعش هه‌مووی بیربردینه‌وه، ئه‌وان هاتنه شنگال و براو خوشكه‌كانیان بردین".
ته‌حسین شێخ باشۆ، هه‌رچه‌نده رووخۆشی پێوه دیاربوو به ئاهه‌نگه‌كه، به‌ڵام ئه‌ویش ده‌یگووت" خه‌مباری شنگالیین، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌مان كه دیارنه‌مان و رفاندنیان زۆر خه‌مبارین".
ئێزدییه‌كان خاوه‌ن ئایینێكی جیاوازن له موسڵمان و مه‌سیحی و ئه‌وانی دیكه، نزیكه‌ی نیو ملیۆن كه‌س ده‌بن و به نه‌ته‌وه كوردن، ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌وانی تێدا ده‌ژین به "ئێزیدخان" ناوده‌برێت و ناوه‌نده‌كه‌ی قه‌زای شنگاله و ناوچه‌كانیان ده‌كه‌وێته نزیك سنووری رۆژئاوای كوردستان - سووریا و هه‌ر چه‌نده ئه‌و خاكه‌ی ئه‌وانی له‌سه‌ر نیشته‌جێن وه‌ك ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، خاكی كوردستانن، به‌ڵام هێشتا یه‌كێكه له كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و تا ئێستا به فه‌رمی چاره‌نووسیان یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌رده‌وام فه‌رمانڕه‌وایانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ناوچانه وه‌ك به‌شێكی جیانه‌كراوه له هه‌رێمی كوردستان ناوده‌به‌ن.
ئێزدییه‌كان ده‌ڵێن" ئایینه‌كه‌یان دێرینه و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا، هه‌ندێك ده‌ڵێن، ئایینه‌كه‌یان به‌شێكه له ئاینگه‌لی سه‌رده‌می بابلییه كۆناكانی وڵاتی نێوان دوو رووباره‌كه و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن، ئایینه‌كه‌یان تێكه‌ڵه‌یه‌كه له كۆمه‌ڵێك ئایینی كۆن، له‌وانه زه‌رده‌شتی و مانویی".
داگیركه‌ران زۆر بڕیاری ناڕه‌وایان به‌سه‌ر ئه‌و ئێزدیانه‌دا سه‌پاندووه و له مێژوودا زوڵم و زۆری زۆریان بینیووه، خۆیان ده‌ڵێن به‌وه‌ی داعشه‌وه به‌رامبه‌ری كردوون، تا ئێستا "74 فه‌رمانیان" له دژ به‌رێوه‌براوه.
داعش له ساڵی 2014 كه په‌لاماری ناوچه‌كانیانیدا، ئه‌و ئیزدیانه‌ی به "كافر" ناوبرد، بۆیه زۆر كه‌سی لێ كوشتن و زۆرێكیشیانی رفاند و بێ سه‌روشوێن كردن، ناوچه‌كانیان به‌هۆی جه‌نگه‌وه زیانی زۆری لێكه‌وتووه. زۆربه‌یان ئاواره بوون و به ره‌وشێكی دژوار‌دا تێپه‌ڕین و به‌شێكیشیان داعش رفاندوونی و تا ئێستا چاره‌نووسیان دیارنییه.
جگه له‌وه دوای ئازادكردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسانی ناوچه‌یی و پێشمه‌رگه ده‌ڵێن، به‌هۆی بوونی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" رێگری زۆر بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌كانیان دروستبووه و چه‌ندین جار داوایان له په‌كه‌كه كردووه ناوچه‌كه جێبهێڵن.
له‌م رۆژه‌دا ئێزدییه‌كان له ناو په‌رستگای ناو دۆڵه‌كه‌دا كۆده‌بنه‌وه و ده‌ستی دوعا بۆ خوداوه‌ند به‌رزده‌كه‌نه‌وه، ئاگردانی به‌ردینیان له ده‌سته و 365 چرا داده‌گیرسێن و داوا ده‌كه‌ن هه‌موو رۆژه‌كانی ساڵ به خێر و ئارامی ببنه‌سه‌ر، له‌نێو ئه‌و نه‌ریتانه‌ی دیكه‌ی له‌م رۆژه‌دا زیندوو ده‌كرێته‌وه، پاككردنی هێلكه و ره‌نگ كردنییه‌تی. ئه‌وان پێیان وایه، هێله‌كه سیمبوڵی (به‌ردی سیڤه) یه و به‌گوێره‌ی بیروباوه‌ڕی ئه‌وان جیهان له‌وه‌وه دروستبووه.
پاككردنی هێلكه‌ش له بیروباوه‌ڕی ئێزدییه‌كاندا گریدراوه به شێوه‌ی گۆی زه‌وی و له دایكبوون و سه‌رچاوه‌ی ژیان، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی نویدا، ئێزدییه‌كان توێكڵه ره‌نگاوره‌نگه‌كه‌ی هێلكه‌كه له‌گه‌ڵ گوڵ و هه‌ویردا تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و ده‌یده‌ن له ده‌رگای ماڵه‌كانیان.
ئه‌وان دوعا بۆ خێر و ئارمی ده‌كه‌ن و هێشتا شه‌ڕ زۆر له ده‌رگای ماڵه‌كانیان دورنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه و وه‌ك سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان ده‌ڵێن" بوونی ئه‌جیندای ده‌ره‌كی و چه‌كدارانی هێزه‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه، مه‌ترسییه‌كی دیكه‌یه و هێشتا به‌رۆكی ئه‌وانی به‌رنه‌داوه.