دوو تۆمەتبار لە ھەولێر دەستگیركران

"لە ژێر ھەڕەشە پارە و كەلوپەلیان لە شوفێر و ھاووڵاتیان ستاندووە"

K24 - ھەولێر

پۆلیسی ھەولێر دوو تۆمەتباری دەستگیركرد كە لە ژێر ھەڕەشە پارە و مۆبایل و كەلوپەلیان لە ھاووڵاتیان ستاندووە.

رائید ھۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "لەماوەی رابردوو چەند حاڵەتێکی نەخوزراو لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری سەریهەڵدا، بۆیە پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرد لە ئاکامدا دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد".

گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر روونیكردەوە: "لە چەند رۆژی رابردوودا چەند کەسێک سکاڵایان تۆمارکردووە، کە دوو گەنج کاتێک لەگەڵ ئۆتۆمبێلی تاکسی سەردەکەوتن كە دەمانچەیان پێبووە بە ھەڕەشەكردن لە شوفێرەکان گشت کەلو پەل و پارەکانیان لێ دەستاند یاخود بەچەند فێلێکی دیكە، بۆیە دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان کردەوە توانیمان بگەینە ناسنامەی تۆمەتباران و دواتر لەبۆسەیەک دەستگیریان بکەین".

ئاشكرای كرد: "تۆمەتباران بەناوی (ر.م.ع)، (م.خ.م، )دوای دەستگیرکردنیان دانیان نا بەتاوانەکەیان کە (10) تاوانی لەم جۆرەیان ئەنجامداوە لە نێو شاری هەولێر و دەوروبەری"..

راشیگەیاند: "داواکارین لە دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری هەرکەسێک تووشی ئەم حاڵەتە بووە سەردانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دارەتوو بکات بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان تەواو بکرێن".

دوو تۆمەتبار لە ھەولێر دەستگیركران
دوو تۆمەتبار لە ھەولێر دەستگیركران