بەشداریکردنی نێیمار لە کلاسیکۆ بووەتە مەتەڵ

بارسێلۆنا پەنای بردە بەر دادگەی کارگێڕی وەرزشی

K24- هەولێر
بەشداریکردنی نێیمار لە کلاسیکۆ بووەتە مەتەڵ، تاکو ئێستا کەس نەیتوانیوە ئەم مەتەڵە هەڵبێنێت و یاریکردنی نیمۆ لە یارییەکەی ئەمشەو بە نادیاریی ماوەتەوە.
گەرچی نێیمار بەهۆی چەپڵە لێدانی بۆ ناوبژیوانی یاریی بەرامبەر مەلەگە و کرانە دەرەوەی بە کارتی سوور، لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ سێ یاریی سڕکرا، بەڵام لە یەکەمین کاردانەوەدا بارسێلۆنا داوای پێداچونەوەی بە بڕیارەکە کرد و تانەی لە سزایەکەی نیمۆ دا، بەڵام هەرزوو لێژنەی تەمبێکردنی لالیگا تانەکەی بلاوگرانای رەتکردەوە.
دوای شکستهێنانیان لە هەنگاوی یەکەمیاندا، کارگێڕانی بارسێلۆنا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجام دا و شەوی هەینی پەنایان بردە بەر دادگەی کارگێڕی وەرزشی ئیسپانیا کە بە دادگەی (تاد) ناسراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی شەممە لە ئیسپانیا کۆتایی هەفتەیە و پشووە، میدیاکانی مەدرید رایانگەیاند هەوڵەکەی بارسا بێ هوودەیە و دادگە تاکو دوای کلاسیکۆ دەوام ناکات.
کەچی رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا رایانگەیاند، دوای نیوەڕۆی شەممە دادگەی کارگێڕی وەرزشی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی داواکەی بارسێلۆنا ئەنجام دەدات. بەڵام دادگەی تاد لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، دادوەری گشتی نەیتوانیوە ئەندامەکانی کۆبکاتەوە و دادگەکە بڵاویکردەوە، بارسێلۆنا تانەی لە بڕیارەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا نەداوە، بەڵکو تەنیا پرسیاری ئەوەی کردووە ئایا نێیمار بەشداریی کلاسیکۆ دەکات.
بەیاننامەی دادگەی تاد بەیاننەمەی بارسێلۆنای بەدوای خۆیدا هێنا و بارسا لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، ئەوەی بڵاوبووەتەوە تەنیا رای دادووری گشتییە و ئەوان بڕیاری فەرمیی دادگەکەیان پێنەگەیشتووە.
پێچەوانەی پێشبینییەکان نێیمار دوێنێ راهێنانەکانی ئەنجام دا و لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەی بارسا بەرەو مەدرید گەشتی کرد، پێچەوانی زیدانیش، ئێنریکی هێشتا لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی ئاشکرا نەکردووە لە پرێس کۆنفرانسەکەیدا رایگەیاند، ئەو ئامادەیە لە کلاسیکۆ بەشداریی بە نێیمار بکات.
مەتەڵەکەی نێیمار بووەتە مانشێتی سەرەکی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی و رۆژنامە مەدریدییەکە نووسیویەتی، کلاسیکۆی نێیمار، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرەڕای ئەوەی نێیمار سڕکراوە، کەچی گەشتی بۆ مەدرید کردووە.
هەرچی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆشە لە مانشێتی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا نووسیویەتی، لەگەڵ نێیمار یان بەبێ نێیمار بۆ لالیگا.
میدیاکانی ئیسپانیا پێشبینی دەکەن بارسێلۆنا یاریی بە نێیمار نەکات، بەڵام دەیەوێت نیمۆ بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی دەروونی یاریزانانی ریال مەدرید تێکبدات.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی