ئه‌ردۆغان: دڵگرانين بۆ پێشمه‌رگه‌كان

سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، دڵگرانين بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى له‌ ئاكامى هێرشه‌كانمان گيانيان له‌ده‌ستدا.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، دڵگرانين بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى له‌ ئاكامى هێرشه‌كانمان گيانيان له‌ده‌ستدا.

له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر، سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان جريوه‌يه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ و تێيدا نووسيويه‌تى:  بەدڵنیاییەوە ئـۆپەراسیۆنی ھێزەکانمان لە شنگال دژی پێشمەرگە نەبووە، زۆریش دڵگرانین بۆ ئـەو پێشمەرگانەی گیانیان لە دەستدا.

پێشتريش ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، هه‌ريه‌ك له‌ ئه‌مريكا و رووسيا و حكومه‌تى كوردستانمان له‌ هێرشه‌كه‌مان بۆ سه‌ر شنگال ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

گوتيشى: رێگه‌ ناده‌ين شنگال ببێته‌ بنكه‌يه‌كى پارتى كرێكارانى كوردستان.

هه‌روه‌ها گوتى: له‌ هێرشه‌كانمان له‌ دژى په‌كه‌كه‌ له‌ عێراق و سووريا به‌رده‌وام ده‌بين.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌، به‌ هۆى بۆردومانه‌كه‌ى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر باره‌گايه‌كى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان 5 پێشمه‌رگه‌ شه‌هيد و نۆى ديكه‌ بريندار بوون.

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، رايگه‌ياندبوو، كه‌ بۆردوومانكردنی پێشمەرگە قابیلی قبوڵ نییە و ئەو كێشە و گرفتانە ھەمووی بەھۆی بوونی پەكەكەیە لە ناوچەكە.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ھاتووە: "كاتژمێر 2 بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25/4/2017 چیای شنگال و دەوروبەری لەلایەن فڕۆكەكانی سوپای توركیاوە بۆردوومانكراوە و وێرانكاری زۆری لێكەوتووەتەوە و 5 پێشمەرگە شەھیدبوون و 9 دیكەش برینداربوونە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە: "شەھید و برینداربوونی پێشمەرگە جێگەی داخێكی زۆرە و بۆردوومانكردنی پێشمەرگە لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە قابیلی قبوڵ نييه‌".

هاوكات ئه‌م لێدوانه‌ى ئه‌ردۆغان له‌ كاتێكدايه‌ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرايكرد، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر "باکوری عێراق" بەبێ رەزامەندی ئه‌مريكا بووه‌.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، ئه‌مريكا نيگه‌رانه‌ له‌ هێرشه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر "باكوورى عێراق".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا نيگه‌رانى خۆى سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر شنگال ده‌ربڕى.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌رباره‌ی بۆردوومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ ناوچه‌كانی شنگال، راگه‌یاند، "ئێمە لە كاتێكدا کە نیگەرانین بە لێدانی سەنگەر و بنكەكانی پێشمەرگەكانمان و بە توندی نارەزایی دەردەبڕین و تەئكید دەكەینەوە كە ئەو جۆرە پەلامارە گەر هەڵەش بێت بەهیچ جۆرێك قابیلی قبوڵ نییە، جارێكی دیكە ئەو راستییە بە بیری هاوڵاتیانی خۆمان و هەموو لایەك دێنینەوەوە كە ئەم روداوە و هەر روداوێكی دیكەی هاوشێوە لە ئاكامی وجودی نارەوا و خۆسەپێنی پەكەكەیە لە هەرێمی كوردستاندا. وجودێك كە جگە لە شەڕ و گێچەڵ و رێگرتن لە ئاوەدانكردنەوە، هیچ سوود و قازانجێكی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبووە و نییە، ئەمە یەكەم جاریش نییە خەڵك و هاوڵاتیانی ئێمە دەبنە قوربانی سیاسەتە ناكامەكانی پەكەكە كە گۆڕەپانی خۆی بەجێهێشتووە و بەناهەق شەڕی بۆ هەرێمی کوردستان گواستۆتەوە".

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووه‌ "به‌ داخه‌وه‌ لەو بۆردومانەدا سەنگەرێكی پێشمەرگەش بەركەوت و ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون. وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و هاوخەمی خۆمان بۆ گیانی شەهیدە قارەمانەكانمان و خواستنی هیوای شیفا و چاكبونەوە بۆ بریندارەكانمان، جارێكی دیكە تەئكید دەكەینەوە كە پەكەكە دەبێ شنگال و دەوروبەری چۆڵ بكات و ئەگەر كەمترین خەمخۆری بۆ خەڵكەكەی تێدایە با لێگەڕێت لە جیاتی بۆردومانی فرۆكەی توركیا، دەستی ئاوەدانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بگاتێ".