ئەو ئافرەتەی كلێنكسی خواردووە نەشتەرگەری بۆ دەكرێت
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی ئافرەتێك بە قسەی مامۆستایەكی ئاینی كلێنكس دەخوات و تووشی ئازاری ریخۆڵە دەبێت و لەلایەن تیمێكی پزیشكی شارەزا لە ھەولێر نەشتەرگەری بۆكرا.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دكتۆر بەڵێن سەڵاح كۆیی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵاتی ھەولێر رایگەیاند: "دوای ئەوەی پشكنینمان بۆ نەخۆشەكە كرد، دەركەوت كە باری تەندروستی ناجێگیرە، بۆیە لەگەڵ تیمێكی شارەزا لە كۆئەندامی ھەرس، بڕیارماندا نەشتەرگەری بۆ بكەین و لە رێگەی نازورەوە چارەسەری حاڵەتەكەمان كرد".
گوتیشی: "بەماوەی سێ كاتژمێر مانەوەی لە ژووری نەشتەرگەری توانرا چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەكە بكرێت و ئێستا بارودۆخی جێگیرە".
ئاشكراشی كرد: "ئەمە یەكەم حاڵەتی لەو جۆرەیە لە كوردستان رووبدات، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەكەین ھیچ شتێكی لەمشێوە بەبێ رێنمایی دكتۆر دووبارە نەكەنەوە".