یاریزانێکی ریال مەدرید نەخۆشی شەکرەی هەیە

سەرەتا پزیشکان رێگرییان لێکردووە یاریی بکات

K24- هەولێر

ناچٶ فێرناندێزی بەرگریکاری ریال مەدریدی ئیسپانی نەخۆشی شەکرەی هەیە و لە تەمەنی منداڵیدا پزیشکان هۆشدارییان داوەتێ نابێت یاریی تۆپی پێ بکات و لە دیمانەیەکی لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی یانەکەی چەند نهێنییەک دەدرکێنێت.

ناچۆ بەهۆی پێکرانی رافایل ڤاران و کلێبەر پیپی چەند یارییەکە هاوشانی سێرخیۆ رامۆس لە دڵی بەرگری لەلایەن زینەدین زیدانەوە پشتی پێدەبەسترێت، بەڵام ئەم بەرگریکارە لاوە نەخۆشی شەکرەی هەیە و بەردەوام دەبێت دەرمان بەکاربهێنێت و چەند چارەسەرێکی سروشتی بەکار بهێنێت. ناچۆ لەبارەی نەخۆشیییەکەیەوە دەڵێت، من لە منداڵییەوە ئەم نەخۆشییەم هەیە، سەرەتا پزیشکەکان نەیانهێشت یاریی تۆپی پێ ئەنجام بدەم، بەڵام دواتر لە تەمەنی 12 ساڵی دەستم بە یاریکردن کردەوە، ئێستا هیچ کێشەیەکم نییە، تەنیا چەند دەرمانێک وەردەگرم و رۆژانە جگە لە راهێنانەکان بایسکل لێدەخوڕم.

ناچۆ چوار وەرز لەمەوبەر لە یارییەکی لالیگا لە بەرامبەر ڤالێنسیا لەلایەن خۆزێ مۆرینهۆوە بانگهێشتی تیپی یەکەم کرا و لەمبارەیەوە ناچٶ دەڵێت، هەرگیز نەمدەزانی چی روودەدات، لە ماوەی هەفتەیەک هەموو شتێک گۆڕا، مۆرینهۆ لە بەرامبەر ڤالێنسیا وەکو یاریزانی سەرەکی یاریی پێکردم و باوکیشم داوای لێکردم لە راهێنانەکان خۆم ماندوو بکەم و داوای زیاتر نەکەم.

بەرگریکارە لاوەکەی مێرێنگی لەبارەی بەدەستهێنانی ناسناوی یازدەمینی چامپیۆنزلیگ دەڵێت، ئەو رۆژە خۆشترین رۆژی من بوو، من لە ژیانمدا بەقەدەر ئەو رۆژە نەگریاوم، من بەیانییەکەی بۆیەکەمجار بوومە باوک، شەوەکەشی بوومە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، هەرگیز ئەو رۆژە لەبیر ناکەم.

ناچۆی 27 ساڵان لەوەتەی 2011 لە تیپی یەکەمی ریال مەدرید یاریی دەکات و لە 78 یاری 2 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش 8 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە.