سه‌رۆك بارزانی له‌ كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌یلوول و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه‌

پێویسته‌ حكومه‌ت و ده‌زگای ئه‌یلوول و پێشمه‌رگه‌ دیرێنه‌كان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ یەكلاییكردنەوەی ناوی پێشمەرگەكان و موستەحەقاتیان

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی راده‌گه‌یه‌نێت "پێویسته‌ حكومه‌ت و ده‌زگای ئه‌یلوول و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان تەفاهومی یەكتر بكەن و لە یەكلاییكردنەوەی ناوی پێشمەرگەكان و موستەحەقاتیان رەچاوی دادپەروەری بكرێت و ماندووبوون و خەباتی پێشمەرگەكان پشتگوێ نەخرێت".

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ راگه‌یاندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 30 نیسانی 2017 سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیه‌كی هاوبەشی حكومەتی هه‌رێم و دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكانی كرد كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌یلول و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان رێكخرابوو.

ده‌شڵێت "لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگەكانی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەچوو، بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانی لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان كرا. هەروەها حكوومەتیش راپۆرتی خۆی لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی چارەسەركردن و جێبەجێكردنی داواكانی هەردوو دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان خستەڕوو".

سه‌رۆك بارزانی هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "پێویستە هەردوو دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان بەرچاوی حكوومەت روون بكەنەوە و حكوومەتیش بە میكانیزمێكی گونجاو چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگەكان بە ئەولەویەتی خۆی بزانێت".

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە بارەی بارودۆخی سیاسیی و دواڕۆژی كوردستان و پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ ئامادەبووان باس كرد.