تره‌مپ: ئاماده‌م له‌گه‌ڵ ديكتاتۆره گه‌نجه‌كه كۆببمه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى ئه‌مريكا دۆناڵد تره‌مپ، ئه‌مڕۆ يه‌كى ئايار، هه‌مووانى سه‌رسامكرد و رايگه‌ياند، ئاماده‌يه ديدارێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى كۆرياى باكوور كيم جۆنگ ئون له ره‌وشێكى گونجاو‌دا ئه‌نجام بدات.
ئه‌مه له كاتێكدايه له چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا، به‌رپرسانى ئه‌مريكا و كۆرياى باكوور دژى يه‌ك لێدوانى تونديان دابوو.
له لێدوانێكى كتوپڕدا، تره‌مپ به كه‌ناڵى بلومبێرگى راگه‌ياند، ئه‌گه‌ر گونجاو بێت له‌گه‌ڵى كۆده‌بمه‌وه. بێگومان هه‌موو شتێك ده‌كه‌م. ئه‌وه شانازييه بۆم.
به‌رده‌وام تره‌مپ له لێدوانه‌كانيدا دژى تاقيكردنه‌وه ناووكييه‌كانى كۆرياى باكوور هه‌ڵوێستى خستووه‌ته‌ڕوو.
ئه‌مه يه‌كه‌مجاره تره‌مپ ئاماده‌ى خۆى بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى كۆرياى باكوور ده‌ربڕێت.
دوێنێ له لێدوانێكدا، تره‌مپ سه‌رۆكى كۆرياى باكوورى به "فێڵباز" وه‌سفكردبوو.
تره‌مپ له‌و بڕوايه‌دايه، سه‌رۆكى كۆرياى باكوور ئه‌گه‌ر "فێڵباز" نه‌بوايه به‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌يه‌وه نه‌ده‌بووه سه‌رۆكى وڵات.
هه‌روه‌ها له لێدوانه‌كانى پێشتريدا تره‌مپ گومانى له ژيرى كيم جۆنگ ئون ده‌ربڕيبوو.
تره‌مپ گوتبووى: خه‌ڵك ده‌پرسن ئايا كيم جونگ ئون ژيره يان نا، من نازانم.
هه‌روه‌ها گوتى: بڕوام وايه زۆر كه‌س ده‌يانه‌وێت ده‌سه‌ڵات له‌و گه‌نجه بستێنن، جا مامه‌كه‌ى بێت يان كه‌سانى ديكه بن.
ئه‌وه‌شى گوت: كيم جونگ ئون، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش، هێشتا ده‌سه‌ڵاتى له ده‌سته و ئه‌مه‌ش ده‌ريده‌خات كه فێڵبازه.