ئه‌مریكا نیگه‌رانییه‌كانی بە توركیا دەگەیەنێت

"ئه‌و هێرشانه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌كراوه"

K24 - ھەولێر

ژه‌نه‌ڕاڵێكی ئه‌مریكی ئاشكرای ده‌كات كه‌ نیگه‌رانیی ئیداره‌ی تره‌مپی له‌باره‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شنگال و رۆژئاوای كوردستان به‌ فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای توركیای گه‌یاندووه‌.

ژه‌نه‌ڕاڵ كۆرته‌س سكاپه‌رۆتی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌وروپاو به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌، له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌لوسی ئاكار، فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای توركیا له‌ئه‌نقه‌ره‌، نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكای پێگه‌یاندووه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی هه‌فته‌ی رابردووی توركیا بۆ سه‌ر شنگال و رۆژئاوای كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژه‌نه‌ڕاڵه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی به‌ فه‌رمانده‌ی سه‌ربازییه‌كانی توركیای راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌وه‌ نیگه‌رانه‌، ئه‌و هێرشانه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌كراوه‌.

رۆژی 25 نیسانی 2017 فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیای شنگال و قەرەچوخیان لە رۆژئاوای كوردستان بۆردوومان كرد، كە بووە ھۆی گیان لە دەستدانی ژمارەیەكی زۆر لە شەڕڤانانی یەپەگە و شەھیدبوونی 6 پێشمەرگە.