سێ ناوچەی دیكەی بندەستی داعش لە مووسڵ كۆنترۆڵكرانەوە

"فەرماندەی کەتیبەی حەمزەی داعشیان لە باشووری بەغدا کردووەتە ئامانج"

K24 - ھەولێر

هێزەکانی عێراق سێ ناوچەیان لە باکووری رۆژئاوای مووسڵ کۆنترۆڵکردەوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداش بڵاویکردەوە، هێزەکانی عێراق  فەرماندەی کەتیبەی حەمزەی داعشیان لە باشووری بەغدا کردووەتە ئامانج.

عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ھاتین نەینەوا، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی فیرقەی 9 ی عێراق توانیویانە گەڕەکی مشێرفەی دوو، ناوچەی کلێسا و دێر میخائیل لە رۆژئاوای مووسڵ بەتەواوی کۆنترۆڵ بکەنەوە.

رۆژی 4 ئایاری2017 هێزەکانی عێراق بەرەیەکی نوێی شەڕیان لە دژی داعش لە باکووری رۆژئاوای مووسڵ کردەوە.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، پاش زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

دوای زیاتر لە چوار مانگ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ لە 19 شوباتی 2017 دەستیپێكرد و ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.