دەنگۆی چوونی سوپای توركیا بۆ ئیدلب بڵاودەبێتەوە

والیی ھاتای توركیا ھەواڵی رۆیشتنی سوپای وڵاتەكەی بۆ شاری ئیدلبی سوریا رەتدەكاتەوە

K24- ھەولێر

میدیاكانی عەرەبی و  ماڵپەرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردەوە سوپای توركیا لە نیوەشەودا لە پارێزگای ھاتای بۆ ئیدلبی سوریا جولەی پێكراوە و بە "ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا دەستپێدەكات" چوونە ناوەوەی سوپای توركیایان بۆ ناو پارێزگای ئیدلب بڵاوكردەوە.

 ماڵپەری والیی ھاتای لە بەیاننەمەیەكدا رایگەیاند " ھەواڵی ھەندێ ماڵپەر و سۆسیال میدیای عەرەبی لە بارەی چوونی سوپای وڵاتەكەی بۆ ئیدلب دوورە لە راستییەوە".

ئەوەشی رەتكردەوە كە لێدوانێكی بەم شێوەیە لە لایەن والیی ھاتای درابێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە لە كاتێك دایە كە بە پێی رێككەوتنی ئاستانا بڕیارە رووسیا، توركیا و ئێران بە پراكتیك چاودێری چەندین ناوچەی ئارام لە سوریا بكەن.

ھێزەكانی توركیا لە ناوچەكانی نێوان كوبانێ و عەفرین لە  جرابلوسەوە تا دەگاتە باب بڵاوەیان پێكراوە، پاش ئەوەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات چووەتە ناو سنوووری رۆژئاوای كوردستان.