ھاوژینی سەرۆكی نوێ وەك خۆبەخشێك كار دەكات

خانمی یه‌كه‌م، ئەزموونێكی زیاتر لە ھاوژینەكەی ھەیە و مامۆستای بووە

K24 - ھەولێر

ھاوژینی سەرۆكی ھەڵبژێردراوی فەڕەنسا بە خۆبەخش لەناو كابینەی ھاوسەرەكەی كار دەكات و وەك مامۆستایەك ریفۆرمی پەروەردە لە روانینی خۆیەوە جێبەجێ دەكات.

بریجیت ترۆنیو 64 ساڵی پێش ئەوەی پەیوەندییەكی رۆمانسی لەگەڵ ئێمانۆئێل ماكرۆن 39 ساڵی ھەبێت، مامۆستای بووە و وەك خانمی یەكەمی فەڕنسا بە خۆبەخش لە حكوومەتی ھاوسەرەكەی كار دەكات و دەست بە ریفۆرمی پەروەردەیی دەكات.

پێگەی دەیلی مەیل بڵاویكردەوە، مامۆستای پێشووی ماكرۆن و ھاوسەرەكەی رۆلێكی سەرەكی لە حكوومەتی نوێی میانڕەوی فەڕەنسا دەگێڕێت.

ھاوشێوەی مێتۆدی میشل ئۆباما وەك خانمی یەكەم، بریجیت ترۆنیو، كە 24 ساڵ لە ھاوسەرەكەی گەورەترە، تێكەڵاوی پرسەكان دەبێت، لەوانە پەروەردە.

بریجیت دوو دەیە ئەزموونی زیاتر لە ھاوژینەكەی ھەیە و مامۆستاشی بووە، ئەوكاتەی ماكرۆن 15 ساڵی بووە، كەسایەتییەكەی بنیاتناوە. پێشبینی دەكرێت داپیری ھەشت منداڵ رۆلێكی ئەكتیڤ لە حكوومەتی نوێی فەڕەنسا بگێڕێت.

"حەزی سەرەكیی بریجیت ریفۆرمی ئابوورییە و تەركیز دەخاتە سەر كاركردن بۆ ئەم منداڵانەی دووچاری وەھم و ناتەواون، لەگەڵ ئەو منداڵانەی دوورن لە كاری سیاسی"، نووسەری ھاوبەشی بیۆگرافی ژن و پیاوان، كاندیس نێدێلێك بە ساندێی تایمزی گوتووە.

كاتێ كە ماكرۆن وەزیری ئابووری بوو، بریجیت چاودێری یاداشتەكانی دەكرد و رۆڵی ھەبوو لە دروستكردنی كەمپینی ماكرۆن بۆ ھەڵبژاردن. ھەروەھا گوتارەكانی راست دەكردەوە و وەك نێوانگیرێك كاری دەكرد.

ئێمانۆئێل ماكرۆن لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری فەڕەنسا 66:06% دەنگەكانی بەدەستھێنا و دەبێتە گەنجترین سەرۆكی فەڕەنسا.