كەبودوەند سەرباری تەواوبوونی ماوەی زیندانیكردنی ئازاد نەكرا

بە ھۆی دامەزراندنی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزادرا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

رۆژی سێشه‌ممه‌ 9 ئایاری 2017 ماوه‌ی یاسایی 10 ساڵ زیندانیكردنی محەمەد سدیق كه‌بودوه‌ند دامه‌زرینه‌ری رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان كۆتاییهات، به‌ڵام هیشتا ئازاد نه‌كراوه‌.

ئیجلال قه‌وامی چالاكوانی مافی مرۆڤ له‌ شاری سنه‌ به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند "حكومی یاسایی زیندانیكردنی كه‌بودوه‌ند ‌به‌ بۆنه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان كۆتایی هاتووه‌ و له‌ باری یاساییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و پێویسته‌ ئازاد بكرێت".

ئەم چالاكوانە ھێشتنەوەی كەبودوەند لە زیندان به‌ رێگەی دروستكردنی دۆسیەیەكەی دیكە بە دوور زانی و گووتی  "دروستكردنی دۆسیه‌ی دیكه‌ بۆ كه‌بودوه‌ند ئه‌گه‌رێكی زۆر لاوازه‌، چونكه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م 10 ساڵه‌ له‌ زینداندا چالاكییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ كه‌ له‌ دژی ئه‌و به‌كار بهێنرێته‌وه‌ و دۆسیەیەكی دیكەی بۆی دروست بكرێت".

له‌ باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی كه‌بوودوەند، قەوامی ئاماژەی بەوەدا " دۆخی تەندروستی كەبودوەند باشه‌ و جێگه‌ی نیگه‌رانی نییه‌، به‌ڵام نیگه‌رانی خێزان و هاورێیانی ئه‌وه‌یه‌، پاش ته‌واوبوونی ماوه‌ی یاسایی زیندانیكردنی بۆ ئازاد نه‌كراوه‌".

كەبودوەند لە ماوی زیندانیكردنی دەست بە مانگرتنێكی 34 رۆژی كرد و لە رۆژی 12 حوزەیرانی 2016 بۆ ماوەی چوار رۆژیش مۆڵەتی پێدرا، لەو كاتەوە تا ئێستا ھیچ مۆڵەتێكی دیكەی پێ نەدراوە و ماوەی یاسایی زیندانیكردنیشی كۆتاییھاتووە.

 

دادگای "شۆڕشی ئیسلامی" لە تاران لە رۆژی 1 تەموزی 2007 بە تۆمەتی "ھەنگاونان دژی ئاسایشی نیشتمانی بە رێگەی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێكخراوی پاراستنی مافی مرۆڤی كوردستان" 10 ساڵ زیندانیكردن سزا بەسەر كەبودوەند سەپاند.

ھەروەھا بەھۆی "پروپاگەندە دژی كۆماری ئیسلامی" حوكمی ساڵێك زیندانیكردنی درا.

دادگای پێداچوونەوەی تاران، حوكمی زیندانیكردنی 10 ساڵ بە ھۆی دامەزراندنی رێكخراوی مافی مرۆڤ پەسندكرد.

كەبودوەند لە ساڵی 2017 لە لایەن حزبی سۆسیالیستی نەرویج بۆ خەڵاتی ئاشتی نوبڵ ھەڵبژێردرا.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان رۆژی 5 ئەم مانگە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "حوكمی 10 ساڵەی زیندانیكردنی كەبودوەند رۆژی 19 ئەم مانگە كۆتایی دێت".

ئاماژەشی بە بڕیارنامەیەكی كۆمیتەی لێكۆڵینەوەی دەستگیراوانی خۆدسەرانەی نەتەوە یەكگرتووەكان داوە، كە "حوكمی 10 ساڵ زیندانیكردنی كەبودوەند بە نایاسایی زانیوە و داواشی كردووە بێ لەدستدانی كات كەبودوەند ئازاد بكرێت و بە بۆنەی زیانی روحی، دەروونی، گیانی و دارایی قەرەبوو بكرێتەوە".