به ماكرۆن ده‌ڵێن "هاوڕه‌گه‌زخوازه و هاوسه‌ره‌كه‌ی له خۆی گه‌وره‌تره".. بزانه چۆن وه‌ڵام ده‌داته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی فه‌ره‌نسا و بریجیتی هاوسه‌ره‌كه‌ی، كه 24 ساڵ له‌خۆی گه‌وره‌تره، به‌م دواییانه بوونه‌ته جێگه‌ی سه‌رنجی میدیاكان، نه‌ك به‌هۆی سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردن و به‌رنامه سیاسییه‌كان، به‌ڵكو به‌هۆی جیاوازی ته‌مه‌نی نێوانیان.
هه‌ندێك كه‌س گومانییان له په‌یوه‌ندی به‌هێزی ماكرۆنی 39 ساڵان، كه تازه به سه‌رۆكی نوێی فه‌ره‌نسا هه‌ڵبژێردراوه، له‌گه‌ڵ بریجیتی ته‌مه‌ن 64 ساڵه هه‌یه، كه پێشتری مامۆستای بوو و ئێستاش هاوسه‌رییه‌تی، بۆیه ده‌ڵێن: "ماكرۆن هاوڕه‌گه‌زخوازه".
ماكرۆن وه‌ڵامی ئه‌و قسانه ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر من 20 ساڵ له هاوسه‌ره‌كه‌م گه‌وره‌تر بام، ئه‌وكات هیچ كه‌س بیری له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه كه ناكرێت من هاوسه‌ری بریجیت بم".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌موو ئه‌و قسانه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وان رقیان له ژنه و خاوه‌ن بیری كلاسیكی كۆمه‌ڵگان".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه به "هاوڕه‌گه‌زخواز" تۆمه‌تبار ده‌كرێت، ماكرۆن ده‌ڵێت: "به‌شێك وا تێده‌گه‌ن كه هاوڕه‌گه‌زخوازی نه‌خۆشییه و رقیان لێیه‌تی"، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی به‌و قسانه باوه‌ڕ ده‌كه‌ن، به‌وه وه‌سف ده‌كات، كه هه‌ستكردنییان به واقیع له ده‌ستداوه.
چیرۆكی خۆشه‌ویستی ماكرۆن و بریجیت
سه‌ره‌تای چیرۆكی خۆشه‌ویستی نێوانییان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1993، ئه‌و كاته‌ی ماكرۆن له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا بوو (15 ساڵان بوو)، له به‌شی شانۆگه‌ری له باكووری فه‌ره‌نسا ده‌یخوێند، به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "ئیندیپێندێنت"ی به‌ریتانی، له‌وێ بریجیت ده‌ناسێت كه مامۆستای بوو، ئه‌و كات ته‌مه‌نی 39 ساڵان بوو و دایكی سێ منداڵ بوو.
ماكرۆن به‌رده‌وام ده‌چووه دیدار و ژووان له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌ی، تا ئه‌و كاته‌ی په‌یوه‌ندی نێوانییان بوو به خۆشه‌ویستی و دواتریش هاوسه‌رگیری به دوادا هات.
سه‌ره‌تا خێزانی ماكرۆن وایانده‌زانی كوڕه‌كه‌یان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كچی مامۆستاكه‌یاندا هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌چێته ژووان، كه ناوی لۆرێنسه، به‌ڵام دواتر بۆیان ده‌ركه‌وت كوڕه‌كه‌یان په‌یوه‌ندی سۆزداری و خۆشه‌ویستی و له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌یدا هه‌یه، به‌مه‌ش خێزانه‌كه‌ی تووشی شۆك بوون.
به‌و هۆیه‌وه خێزانی ماكرۆن، كوڕه‌كه‌یان له قوتابخانه‌كه گواسته‌وه و دایكی ماكرۆن، كه ناوی فرانسوێزه، په‌یوه‌ند به بریجیته‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت: "رێگه‌ناده‌ین كوڕه‌كه‌مان هیچ منداڵێكی له تۆ هه‌بێت".
باوكیشی كه ناوی میشێله، داوا له بریجیت ده‌كات، له كوڕه‌كه‌یان دوور بكه‌وێته‌وه و چیدیكه ژووانی له‌گه‌ڵدا نه‌به‌ستێت، به‌ڵام ئه‌و مامۆستایه ره‌تیكردووه‌ته‌وه هیچ به‌ڵێنێكی له‌و جۆره به دایك و باوكی ماكرۆن بدات.
به گوێره‌ی قسه‌كانی دایكی ماكرۆن، له‌و كاته‌دا له خێزانه‌كه‌یان ته‌نها یه‌ك كه‌س هه‌بوو، له‌و په‌یوه‌ندییه تێده‌گه‌یشت و كراوه بوو، ئه‌ویش جانێتی داپیره بوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خێزانی ماكرۆن روویانكرده پاریس و له‌وێ مانه‌وه، به‌ڵام ئاگری خۆشه‌ویستی دانه‌مركایه‌وه و ماكرۆن سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بریجیت و دواجار له ساڵی 2007، هاوسه‌رگیرییان كرد، ئه‌وكات ماكرۆن ته‌مه‌نی 30 ساڵ بوو و بریجیتیش 54 ساڵ بوو.
بریجیت، كه ئێستا بووه‌ته خانمی یه‌كه‌می كۆشكی ئه‌لیزێ، له باره‌ی ماكرۆنه‌وه ده‌ڵێت: "له یه‌كه‌م رۆژه‌وه هه‌ستم به زیره‌كی ماكرۆن كرد، به‌ڵام ئه‌وه تاكه شت نه‌بوو كه سه‌رنجی منی راكێشاوه، به‌ڵكو ته‌واوی مامۆستاكان به به‌رده‌وامی باسی ماكرۆنییان ده‌كرد".
بریجیت بۆ یه‌كێك له هاوڕێكانی باسی له‌وه كردووه، ئه‌و كاته خۆشه‌ویستی نێوان خۆی و ماكرۆن په‌ره‌ی سه‌ندووه، كه به‌یه‌كه‌وه تێكستێكی شانۆییان نووسیوه و له‌وێوه هه‌ستیكردووه كه زۆر له‌مێژه ماكرۆن ده‌ناسێت.
بریجیت له چاوپێكه‌وتنێكدا، سه‌باره‌ت به قسه‌كانی ماكرۆنی 17 ساڵ رایگه‌یاند، ئه‌وكات پێی گوتبوو كه رۆژێك له رۆژان بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌قی قسه‌كانی ماكرۆنیشی گێڕاوه‌ته‌وه كه ئه‌و گوتبووی: "ناتوانی خۆت ده‌رباز بكه‌ی، ده‌گه‌ڕێمه‌وه و هاوسه‌رگیریت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م".