یەكێتی چەند پێشنیارێك دەداتە گۆڕان
ھەولێر
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پەرلەمان کێشەی ھەیە و پێشنیازی نوێمان کردووە، ئەگەر لایەنەکان بەپیلەوە بێن لە داھاتووێکی نزیک دۆخەکە چارەسەر دەکرێت، پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕانیش پێشنیارەكانی یەكێتی بۆ گۆڕان ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت، گۆڕان ھەر سێ پێشنیارەكەی یەكێتی رەتكردووەتەوە.
عومەر عینایەت پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێ: "یەكێتی سێ پێشنیاریان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كردووە، یەكێكیان ئەوە بوو، یوسف محەمەد واز لە پۆستەكە بێنێ و بە تەمەنترین پەرلەمانتاری گۆڕان سەرۆكایەتی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكات، پێشنیاری دووەمیان بە تەمەنترین پەرلەمانتار لە ھەموو فراكسیۆنەكان سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكات، پێشنیاری سێییەمیان ئەوە بوو گۆڕان واز لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بێنێ و پۆستێكی دیكە وەربگرین، بەڵام ھەرسێ پێشنیارە لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان رەتكرایەوە".
ھەر سەبارەت بەو باسە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "پەرلەمان كێشەی ھەیە، دەبێ بە ھەموومان ئەو كێشانە چارەسەر بكەین".