یه‌په‌گه ده‌كه‌وێته نێوان به‌رداشی یار و نه‌یارانییه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مریكا خۆی خزانده چاڵی شه‌ڕو ململانێیه‌كی 33 ساڵه‌وه، كه له نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان له ناوچه‌كه‌دا به‌ریوه‌ده‌چێت و خوێنی لێ ده‌چۆڕێت، په‌كه‌كه رێكخراوی دایكه و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له باوه‌شی ئه‌ودا په‌روه‌رده بوون، ئه‌و هێزه‌ی ئێستا ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی "پایته‌ختی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش" كردوونی به هاوپه‌یمانی خۆی و بڕیاری پڕچه‌ككردنی داون.
رۆژی 9/5/2017 واشنتۆن رایگه‌یاند " بریارمانداوه هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی، پڕچه‌ك بكه‌ین. ده‌ستبه‌جێ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا ره‌خنه‌ی له دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا گرت و گووتی" ئه‌و كاره پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی نێوانمانه، به‌ڵام هه‌وڵیدا وا وێنه‌ی ئه‌و ره‌وشه نوێیه بكات، ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت له چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هێزه كوردییه‌كان و ره‌وشی ناوچه‌كه، هێشتا خۆی له تۆز و خۆڵی سیاسه‌ت و میراتی ئیداره‌كه‌ی پێشووی باراك ئۆباما نه‌ته‌كاندووه و تا ئێستا ئیداره‌ی ن،یی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له قۆناغی گواستنه‌وه‌دایه.
دیداری سه‌رۆكه‌كان ره‌وشه‌كه هێور ده‌كاته‌ووه
واشنتۆن ساڵانێكه به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هاوكاری یه‌كێنه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" ده‌كات و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كۆده‌بێته‌وه، به‌ڵام پاڵپشتییه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی واشنتۆن، درزێكی گه‌وره و قوڵ و خیرای خسته نێوان خۆی و توركیا.
چونكه ئه‌نقه‌ره ، یه‌په‌گه به درێژكراوه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌زانێت، ئه‌و رێكخراوه‌ی ساڵانێكه له توركیا دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له شه‌ڕدایه و توركیا و ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ك "رێكخراوێكی تیرۆریست" پێناسه‌یان كردووه.
له كاتێكدا واشنتۆن یه‌په‌گه به هێزێكی جیاواز له په‌كه‌كه ده‌بینێت. به‌ڵام توركیا پێیوایه، نابێت واشنتۆن شانبه‌شانی "رێكخراوێكی تیرۆریستی" دژی تیرۆری داعش بجه‌نگێت، بریاریشی داوه، ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی دژی ئه‌و هێزه له سووری و عێراق به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو بینی هه‌ره‌شه‌ن له‌سه‌ر توركیا.
ئێستا ئه‌ردۆغان كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا (باراك ئۆباما) نێوانی باش نه‌بوو، پێی وایه دیداره‌كه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتووی نێوان خۆی و تره‌مپ یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت، ئه‌و سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی بۆ واشنتۆن وه‌ك ده‌ستپێكێكی نوێ له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات ده‌بینێت.
بینالی یڵدرم، سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیاش له باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماره‌وه گوتبووی" ده‌رفه‌تێكه بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان"" مه‌به‌ستی له‌و قسه‌یه‌ش بڕیاری پڕچه‌ككردنی یه‌په‌گه بوو له لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه".
ئێستا له ئه‌مریكا ده‌خوازرێت ده‌ست به هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" بكات و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و هێزه بناسێت، ئه‌و هێزه‌ی، شه‌رڤانه‌كانیان له كورده‌كانی رۆژئاوا‌و سوورییه‌كان پێكهاتوون و سه‌ركرده‌كانیان له لایه‌ن كادیره راهینراوه‌كانی په‌كه‌كه‌وه كۆنترۆڵ كراون و مێشكیان به ئایدۆلۆژیای په‌كه‌كه پڕكراوه.
خواسته‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل هه‌ره‌س ده‌هێنێت
پێشبینییه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده" داڕووخاوه، چونكه ئه‌وان له باكووره‌وه له نێوان گه‌مارۆی توركیادان كه وه‌ك دوژمنی سه‌رسه‌ختی خۆی ته‌ماشایان ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا نه‌بێت، هه‌روه‌ها رژێمه خۆپه‌رسته‌كه‌ی دیمه‌شقیش ده‌یه‌وێت سیستمه كارگێڕی و سه‌ربازییه‌كه‌ی ناوچه كوردییه‌كان بكه‌ونه‌وه باوه‌شی، بۆیه ئێستا پێویستیان به هاوڕێ و هاوپه‌یمانی نوێ هه‌یه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نابێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بن كه ئه‌مریكا ده‌ست له په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌ڵبگرێت، چونكه ئه‌وان ئێستا باسی باشكردن و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانیان بۆ دژایه‌تیكردنی رێكخراوی دایك "پارتی كرێكارانی كوردستان" ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌و بڕه هاوكارییه سه‌ربازییه‌ی ئه‌مریكاش بۆ یه‌په‌گه، نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌و واشنتۆن چه‌قۆ له یه‌كتری بسوون، به‌ڵكو وه‌ك یڵدرم له دیدارێكی BBC گووتی" نایانه‌وێت به‌هۆی هاوكاریی یه‌په‌گه جه‌نگ له دژی ئه‌مریكا رابگه‌یه‌نن".
هاوڕێ و هاوپه‌یمانانی یه‌په‌گه هه‌ڵده‌وه‌رن
په‌یوه‌ندی به‌تینی نێوان یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده" له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوپه‌یمانه‌كانیان درزی تێده‌كه‌وێت، چونكه ئاشكرایه رووسیا ده‌ست به په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانێتی نێوان خۆی و رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ده‌وه ده‌گرێت. له هه‌مان كاتدا ئه‌و هێزه ناتوانێت ده‌رباره‌ی به‌شداریكردنیان له گفتوگۆكانی ئه‌ستانه و جنێڤ خۆیان له ڤیتوی توركی قوتار بكه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێران چاوی له‌و زه‌ویانه‌یه كه له ژێر كۆنترۆڵی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه"دان، به هۆكاری ئه‌وه‌ی ده‌بێته رێگایه‌كی دیكه بۆ یارمه‌تیدانی حزبوڵڵای لوبنانیی هاوپه‌یمانی، له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌راست.
نه‌بوونی پاڵپشتی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی درێژماوه و فشاری دراوسێكان، وا له پرۆژه‌ی خۆسه‌ری رۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن، له داهاتوویان دڵنیا نه‌بن. به تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی به‌هێزی توركیا له ئارادا نییه. له نێوان ساڵانی 2013 تا 2015 سه‌ره‌تای ئه‌وه ده‌ركه‌وت كه ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتی یه‌كێتی دیموكرات وه‌ك دراوسێ بژین، ئه‌گه‌ر هاتوو په‌كه‌كه چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی راگرێت و چه‌كداره‌كانی بكێشێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و خه‌ونه‌ی نێوان هه‌ر دوولا به‌هۆی ده‌ستپیكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و شه‌ڕی ناو شاره‌كان له گۆڕنرا.
بۆیه مادام پارتی كرێكارانی كوردستان ستراتیژییه‌تی خۆی ناگۆڕێت، كه‌واته ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی بۆ كورد له رۆژئاوای كوردستان تا ئێستا به ده‌ست هاتوون، كه‌مترین هیوای پێوه هه‌ڵده‌واسرێت، ئه‌گه‌ر زۆر زیاتر له‌وه‌ش سه‌ركێشی بكه‌ن، هه‌موو پرۆژه‌كه ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌ترسیی مان و نه‌مانه‌وه. یه‌كێك له‌و رێگانه‌ش درووستكردنی ناوچه‌یه‌كی نیمچه ئارامتره له ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی سووریا و درووستكردنی ئاژاوه له ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی یه‌په‌گه‌دا".
ئه‌و پاڵپشتییه‌ی ئه‌مریكا بۆ یه‌په‌گه بووه‌ته هۆی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای كوردستان و ناوچه كوردنشینه‌كانی باكووری سووریا، ئێستا پرچه‌ككردنه‌كه بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری ره‌ققه‌ی پایته‌ختی چه‌كدارانی داعشه.
له‌گه‌ڵ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی گه‌وره‌و فراوانی دیكه له لایه‌ن په‌یه‌ده و یه‌په‌گه‌وه، خێراتر ئه‌و هێزانه رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردنی چاره‌نووسیان ده‌كاته‌وه، تا به زووترین كات ده‌ست له پاڵپشتی كردنی ململانێی خویناوی 33 ساڵه‌ی په‌كه‌كه و توركیا هه‌ڵبگرن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئێستا هه‌یانه بیپارێزن و مه‌یدانی خۆیان جیابكه‌نه‌وه. له ئاستی هه‌رێمایه‌تی ببنه خاوه‌ن جانتایه‌كی دیپلۆماسی بۆ ئه‌وه‌ی، هه‌رچی كه‌و‌تووه‌ته ده‌ستیان له ده‌ستی نه‌ده‌ن و به‌و رێگا ئاشتیانه بتوانن ده‌ستكه‌وته‌كانیان بپارێزن.
راپۆرت: a.qeredaxi