كۆمه‌ڵى ئيسلامى كوردستان ئه‌ندامێك بۆ كۆميته‌ى باڵاى ريفراندۆم ديار ده‌كات

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووش دەڵێت: بەبێ پەرلەمان ریفراندۆم ئەنجامی دڵخۆشکەری نابێت.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌باره‌ت به‌و كۆمیته‌یه‌ی كه‌ وا بڕیاره‌ بۆ مژاری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پێكبهێندرێت، رێبوار حەمەد گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەياند، لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی ئەندام بۆ کۆمیتەی باڵای ریفراندۆم.

پەرلەمانی کوردستان کە بۆ نزیکەی دوو ساڵە پەک خراوە نەشتوانراوە کارا بکرێتەوە، لایەنەکانیش بە تایبەت گۆڕان و کۆمەڵ بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەگەڵ ئەوەدان پەرلەمان کارا بکرێتەوە دواتر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت. ئەمە لە کاتێکدا بۆچوونی بەشێک لە لایەنەکان جیاوازە.

رێبوار حەمەد گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی لە بارەی ریفراندۆمەوە دەڵێت: نابێت ھیچ لایەنێک بێ کاراکردنەوەی پەرلەمان باسی ئەنجامدانی ریفراندۆم بکات و دەشڵێت بۆ دیاریکردنی ئەندام بۆ کۆمیتەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە گفتوگۆداین.

پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان لە دۆخێکی چەق بەستویيدایە و ھەوڵەکانیش بۆ چارەسەری کێشەکان بێ ئەنجامن بە تایبەت کاراکردنەوەی پەرلەمان, خەرامان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو لە بارەی بۆچوونی حزبەکەی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بێ پەرلەمان دەڵێت ئەنجامەکەی دڵخۆشکەر نابێت.

سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری داوە پێش کۆتایی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدرێت تەنانەت ئەگەر پەرلەمانیش کارا نەکرێتەوە ئەمەش بۆچوونی لایەنە سیاسیەکانی کردوەتەوە دوو بەشەوە نزیک بوونەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەکاتێکدایە کارەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دراوەتە کۆمیتەیەک کە ھێشتا لایەنەکان ئەندامیان بۆ کۆمیتەکە دیاری نەکردووە.