تاجی "مه‌ریه‌می پاكیزه" له فه‌ره‌نسا دزرا
K24 - هه‌ولێر:
تاجی "مه‌ریه‌می پاكیزه" كه به به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری رازێنراوه‌ته‌وه، له مۆزه‌خانه‌ی فۆرفیه‌ری تایبه‌ت به هونه‌ره جوانه‌كان له شاری لیۆنی فه‌ره‌نسا دزرا، كه به‌هاكه‌ی یه‌ك ملیۆن یۆرۆ ده‌بێت.
ته‌له‌ڤزیۆنی فرانس 3 بڵاویكردووه‌ته‌وه، سیسته‌می ئاگاداركردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌كه، كاتژمێری 12ی شه‌وی شه‌ممه لێیداوه، كاتێك پۆلیس گه‌یشتوونه‌ته شوێنی رووداوه‌كه، دزه‌كان تاجه‌كه و چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی دیكه‌ی گرانبه‌هایان بردووه و شوێنه‌كه‌یان جێهێشتووه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه فه‌ره‌نسییه، تاجی "مه‌ریه‌می پاكیزه" گرانبه‌هاترین كه‌رسته‌ی مۆزه‌خانه‌كه بووه و به 1791 به‌ردی گرانبه‌ها رازێنراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ جامێك و ئه‌نگوستیله‌یه‌كی مێژوویی.
بڕی زیانه مادییه‌كان كه به‌و مۆزه‌خانه‌یه كه‌وتووه، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن یۆرۆ ده‌بێت، به‌هۆی لێكۆڵینه‌وه له‌و رووداوه‌ش، تا ماوه‌یه‌كی دیارینه‌كراو، ده‌رگای مۆزه‌خانه‌كه، به رووی گه‌شتیاراندا داده‌خرێت.
مۆزه‌خانه‌ی فۆرفیه‌ر، كه تایبه‌ته به هونه‌ره جوانه‌كان، كه‌لوپه‌له فه‌ره‌نسی و جیهانییه‌كانی تێدا نمایشكراوه، له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌لی تایبه‌ت به ئایینی كریستیان، ئه‌و تاجه‌ی "مریه‌می پاكیزه"ش له ساڵی 1899ه‌وه هه‌ڵگیراوه و گرنگترین پارچه‌ی هه‌ڵگیراوی مۆزه‌خانه‌كه بووه.
سه‌رچاوه: رامبله‌ر - RT