دوای چوار رۆژ بێسەروشوێن بوونی تەرمی لینا دۆزرایەوە

پۆلیسی زاخۆ زانیاری بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكات

K24 - زاخۆ

بەرێوەبەری پۆلیسی زاخۆ بە کوردستان24 راگەیاند، کاتژمێر 5 بەیانی ئاگادار کراینەوە کە تەرمێکیان لەناو رووباری خابور لە گوندی چەمشکو لە تەنیشتی شارەکە بینیووە دوای بە دواداچوون و ھێنانەوەی تەرم بۆیان دەرچوو کە تەرمی لینا وەلیدە، ئەو کچەی چوار رۆژ پێش ئێستا لە زاخۆ بێسەروشوێن بوو.

گوتیشی، تەرمەکە لەناو ئاو بووەو ھیچ شوێنەواری برینداربوون بە گولـلە یان بە چەقۆی پێوە دیار نییە، بەڵام بۆ دڵینای تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادی دھۆك كرا.

ھەر لەو بارەیەوە رائید شڤان عوسمان، بەرێوەبەری نوسینگەی توندوتیژی زاخۆ بە کوردستان24 گوت: "دوو گومانلێکراو لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرکراون و لایی پۆلیسن و لێکوڵینەوەیان لە گەڵدا دەکرێت".

وەلید عەباس، باوکی لینایە جەخت لەوەی کردەوە کە ئەوان ھیچ کیشەیەكی کۆمەڵایەتیان لەگەڵ کەس نییە.

گوتیشی "کچەکەم لە لایەنی دروونیشەوە ھیچ کێشەی نەبوو نازانم روداوەکە چون بووە تا پۆلیس بەدواداچونی بۆ دەکات وچونیەتی روداوەکە ئاشکرا دەكات".