جه‌نگه گه‌وره‌كه له ره‌ققه روونادات... رێگای نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا - دیمه‌شق ده‌بێته خاڵی به‌ریه‌ككه‌وتنی زلهێزه‌كان
K24 - هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ توندبوونی جه‌نگی ره‌ققه و پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كه ئه‌مریكا پاڵپشتییان ده‌كات، قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌رپه‌ڕاندنی داعش له شاره‌كه زیاتر بووه و پێده‌چێت نزیكبوبێته‌وه، چونكه له راستیدا داعش زۆریك له هێزه‌كانی بۆ دێرزوری دوا مۆڵگه‌ی گواستووه‌ته‌وه كه نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سی تێدا ده‌ژین.
زۆرێك له چاودێرانی ره‌وشه‌كه وای ده‌بینن، هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی، به پاڵپشتی ئه‌مریكا، به بێ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی قورس و جه‌نگێكی گه‌وره كۆنترۆڵی ره‌ققه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات، زۆرینه‌ی چه‌كدارانی داعش بۆ دێرزورهه‌ڵبێن.
پێشبینی ده‌كرێت داعش دوایین رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی خۆی و هێزه‌كانی به‌رامبه‌ری بباته ئه‌و ناوچانه‌ی سنووری عێراق و ئوردن، كه زۆربه‌ی یه‌ده‌گه نه‌وتییه‌كانی سووریای تێدایه، به‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه دابنێ و سه‌قامگیریی زیاتری سووریا بشوێنێت.
له‌و ناوچانه‌دا ده‌روازه‌ی سنووریی زۆری تێدایه، ته‌نانه‌ت رێگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ستنه‌وه‌ی به‌غدا به دیمه‌شق له‌وێیه، ئه‌و شوێنه‌ی تاران ده‌خوازێت بیكاته رێگای وشكایی بۆ گه‌یشتنه لوبنان و حیزبوڵڵای دۆستی.
ئێستا پرسیارێكی گه‌وره‌ی بێ وه‌ڵام هه‌یه " كێ كۆنترۆڵی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كات؟، هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران؟، یان رووسیا؟، یان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. ئایا كام گرووپه گه‌وره‌ترین چانسی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌بێت؟".
چونكه كۆنترۆڵكردنی ئه‌و شوێنانه، رۆڵێكی گه‌وره‌ی له دیاریكردنی داهاتووی سووریای پاش جه‌نگ له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه.
له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و هه‌موو هێزانه له‌سه‌ر خاكی سووریا‌و ئه‌و گرژیانه‌ی له‌م دواییانه‌دا روویاندا و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیان بۆردوومانی ئه‌و هێزانه‌یان كرد كه سه‌ر به رژێمی ئه‌سه‌د و ئێرانن، مه‌ترسی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆی نێوان ئه‌مریكا و ئێران ته‌نانه‌ت رووسیاش به دوور نازانرێت.
دوایین به‌ریه‌ككه‌وتن رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو 8/6/2017 بوو، ئه‌و كاته‌ی فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مریكیی، فڕۆكه‌یه‌كێ بێ فڕۆكه‌وانی جۆری دورونی ئیرانی كه هه‌مان قه‌باره‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی بریداتۆری هه‌بووه‌و ئێران خۆی درووستی كردووه ،خستبووه خواره‌وه، ئه‌و فڕۆكه ئیرانییه‌ش بۆردوومانی ئه‌و هێزه ئۆپۆزیسیۆنه سووریانه‌ی ده‌كرد كه به هاوڕێیه‌تی راوێژكار و هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌یه‌دان.
مه‌ترسی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئێران له‌سه‌ر زاری " رایان دیلۆن" گوته‌بێژ به ناوی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش راگه‌یه‌نراو نووسیبووی" ئه‌و فڕۆكه‌یه مه‌ترسی له‌سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان درووستكردبوو، چونكه نزیكی بنكه‌ی ته‌نه‌فی سنووری ببووه‌وه كه ده‌كه‌وێته نێوان وڵاتی سووریا و عێراق. فڕۆكه‌كه له نزیكی بنكه‌ی ته‌نه‌ف ده‌سووڕایه‌وه كه هێزه زه‌مینییه‌كانی هاوپه‌یمانانی تێدایه".
ئه‌و رووداوه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئیرانییه‌كان ئاماده‌ن خۆیان بخه‌نه سه‌ركێشی و به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، چونكه ئه‌و ناوچه‌یه بۆ تاران، دڵی پلانه ستراتیژییه‌كه‌یه.
هه‌ر چه‌نده ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو" ئه‌وان هه‌وڵناده‌ن رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی رژێمی سووریی و هاوپه‌یمانه‌كانی ببنه‌وه، به‌ڵام له نزیك رێڕه‌وی ته‌نه‌ف به ئه‌نقه‌ست ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ر به رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دیان بۆردوومانكردبوو، ئه‌وه‌ش ئه‌و كاره‌یه كه پێشتر له جه‌نگه‌كه‌دا نه‌بینرابوو.
رووداوه‌كه ده‌ریخست راوێژكاره ئێرانییه‌كان و ته‌نانه‌ت حزبوڵڵای لوبنانیش، به‌هۆی فڕۆكه‌ی دورون، ئاماده‌ی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كاندا.
به‌ڵام ئایا ئیران له‌و جه‌نگه‌دا پاڵپشتی رووسیای پێده‌گات؟"، به تایه‌تی مۆسكۆ هه‌وڵیداوه ئه‌و هێزانه‌ی ئیران پاڵپشتیان ده‌كات تێبگه‌یه‌نێت له بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا نزیك نه‌بنه‌وه له ته‌نه‌ف، ئه‌و قسه‌یه‌ش له لایه‌ن جیمس ماتیس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه به ناوی به‌رپرسانی رووسیاوه ئاشكراكرا.
به‌ڵام دیپلۆماسییه‌كانی لوبنان له به‌یروت ده‌ڵین " له‌وانه‌یه رووسیا پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی به هاوپه‌یمانه‌كانی له سووریا گوتبێت، چونكه هیچ هۆكارێكی پێویست بۆ تاقیكردنه‌وه و ده‌مارگرتنی ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌یه نابینێ، مۆسكۆش نایه‌وێت ئه‌مریكا بێته قوڵایی سووریا و به‌رۆكی هاوپه‌یمانه‌كانی بگرێت، به‌ڵام ئایا ئه‌مریكا به‌هۆی بنكه‌یه‌كی بچووكه‌وه خۆی ده‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسی جه‌نگێكی گه‌وره‌وه؟. له كاتێكدا ئه‌و گرژیانه فشاری زیاتری بۆ سه‌ر ناوچه‌كه درووستكردووه‌و ئیداره‌ی تره‌مپی ناچاركردووه به‌ڵێن بدات رێگه له ئێران بگرێت.
ئیسرائیلیش هاتووه‌ته ناو گه‌مه‌كه و به بوونی حزبولڵا له سنووره‌كانی نیگه‌ران بووه، هه‌ر بۆیه ده‌ستی به بۆردوومانی هێزه‌كانی سه‌ر به ئه‌سه‌د له باشووره‌وه كردووه.
به‌هۆی ئه‌و هه‌موو ململانێیه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌دا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌و ئه‌و هه‌موو دژبه‌یه‌كییه‌ی ده‌بینریت، ناتوانرێت هه‌مووی له جه‌نگی دژی داعشه‌وه بئاڵینرێت، چونكه مانۆڕه‌كانی ئه‌و هێزانه‌ی بۆ جه‌نگی داعش هاتبوونه ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌وه، ئێستا به‌رامبه‌ر یه‌كتری سوڕاوه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی نموونه‌یه‌كی به‌رچاو خستووه‌و ده‌ڵێت " ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له دژی داعش به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و میلیشیا عێراقییانه (حه‌شدی شه‌عبی) كه ئێران پاڵپشتیان ده‌كات كارده‌كات، له كاتێكدا هه‌ندێك له‌وان له‌ناو ئه‌و هێزانه‌دان كه ئه‌مریكا له بیابانه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بۆردوومانیان ده‌كات!".
ئێستا داعش هێزه حكومییه‌كانی سووریای له مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی خۆیان له دێرزور گه‌مارۆ داوه، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا داعش له‌و شوێنه دووربخاته‌وه، واتا هاوكاری ئه‌و رژێمه‌ی ئه‌سه‌د ده‌كات كه به نه‌یاری خۆی داناوه.
به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا، ئێستا حاڵی وه‌ك ساڵانی پێشوو نییه و ده‌ڵێت " سه‌روه‌ری سووریا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه و هه‌موو خاكی سووریا كه له ده‌ستی چووه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆی. به‌ڵام به بێ هاوكاریی ئێران و سووریا ئه‌و كاره‌ی پێناكرێت، ئه‌و دوو وڵاته‌ی تا راده‌یه‌ك وه‌ك خاوه‌نی سووریا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی بڕیاردانیان له‌و وڵاته‌دا هه‌یه كه ئه‌سه‌د باسی سه‌روه‌رییه‌كه‌ی ده‌كات، به‌و هۆیه‌شه‌وه ناتوانرێت رێگه له ئه‌مریكییه‌كان بگیرێت تا له‌و وڵاته‌دا كاربكه‌ن.
تا ئێستا ئه‌و هێزه كوردیانه‌ی دژی داعش ده‌جه‌نگن، هه‌ڵوێستێكی روونیان هه‌یه و ده‌ڵێن" ئه‌وان راسته‌وخۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رژێمی سووریادا ناكه‌ن و هیچ هاوكارییه‌كیشی ناكه‌ن، ئه‌وه‌ش بۆ دڵنه‌وایی هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌كانی ناو هێزه‌كانیی سووریای دیموكراتیییه، به‌ڵام دوور نییه له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ر دوو لا كه ئێستا له جوڵه‌دان، نه‌كه‌ونه به‌رده‌م یه‌كێك له‌و بژاردانه‌وه.
له رۆژهه‌ڵات و ناوجه‌رگه‌ی سووریاوه هاوپه‌یمانێتییه‌ك پاڵپشتی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات، ئه‌وانیش سوپای سووریی و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێرانن، كه به هێزی ئاسمانی رووسی و راوێژكاره ئێرانییه‌كان ده‌وره‌دراون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك راپۆرت ده‌ڵێن، راوێژكاره رووسه‌كان له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگدا زۆر چالاكن.
به‌ڵام له باكووره‌وه و له سنووری ئوردنه‌وه، هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی به سه‌ركردایه‌تی كورده‌كان كه ئێستا له لایه‌ن ئه‌مریكی و بریتانی و نه‌رویجییه‌كانه‌وه راهێنانیان پێده‌كرێت، دژی داعش ده‌جه‌نگن. له نزیك سنووری ئوردن و عێراق و ریگای نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا بنكه‌ی سه‌ربازییان هه‌یه، له ئاسمانیشه‌وه هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به رێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا پاڵپشتیان ده‌كات
له‌م دواییانه‌شدا ئه‌و میلیشیانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی شیعیی كه ئێران پاڵپشتیانه، له رۆژئاوای عێراقه‌وه به‌ره‌و سنووری سووریا هه‌ڵكشاون، بۆیه دوورنییه جه‌نگه گه‌وره‌كه و به‌ریه‌ككه‌وتنی هێزه زه‌به‌لاحه‌كان، له‌و ناوچانه‌دا ململانێكانیان بگه‌یه‌ننه ئاستی جه‌نگێكی گه‌وره‌تر له جه‌نگی ره‌ققه.