كەسێك دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵی خەزورەكەی كرد و خەسوی خۆی كوشت

كێشەی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ماڵی خەزووری ھەیە و فەرمانی دەستگیركردنی ھەبووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی حەسارۆكانی سەر بە ھەولێر كەسێك دەسڕێژی گولـلەی لە ماڵی خەزورەكەی كردووە و خەسووی خۆی و كەسێكی دیكەی كوشتووە".

كوڕی ئەو ژنەی لە دەستڕێژی گولـلە كوژراوە بە كوردستان24 گوت: "ئەو كەسەی كە دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵەكەمان كرد ھاوسەری خوشكەكەمە و ماوەیەك بەر لە ئێستا لە خوشكەكەمیدا و سكاڵامان لەسەری تۆماركرد راپۆرتی پزیشكیمان ھەیە دەیسلەمێنێ كە ئازاری خوشكەكەمی داوە، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەچووبوو، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرنەكرا، لەسەر كێشەی نێوانیان خوشكەكەم تۆرابوو لە ماڵی ئێمە دەژیا، بە مۆبایل ھەڕەشەی لێمان دەكرد".

گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ زاواكەمان ھاتە سەر ماڵمان و دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵمان كرد، لەو كاتە دایكم ویستی گولـلە بەر منداڵی ئەو نەكەوێت كە دەكاتە منداڵی خوشكەكەشم، سێ گولـلە بەر دایكم كەوت و گیانی لە دەستدا".

گوتیشی: "دوای رووداوەكەش ئەمڕۆ دیسان بە تەلەفۆن ھەڕەشەی لێكردین و دەڵێ دەتانكوژم".