ناسنامه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی ڤێرجینیا ئاشكرا كرا
K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا، ناسنامه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی ڤێرجینیای ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند، ناوی جه‌یمس هۆجكینسن و ته‌مه‌نی 66 ساڵه، هه‌روه‌ها لایه‌نگری بێرنی سانده‌رزی كاندیدی دیموكراته‌كان بوو، كه له هه‌ڵبژاردنه سه‌ره‌تاییه‌كاندا، ركابه‌ری هیلاری كلینتۆنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا.
ته‌قه‌كه‌ره‌كه، ڕقی لە کۆمارییەکان و دۆناڵد ترامپه، پێش تەقەکردنەکەش جگە لە ستيڤ سكاليز، پرسیاری لە کۆنگرێسمانەکانی دیكه كردووه كه له شوێنه‌كه ئاماده‌بوونه، ئێوە دیموکراتن یان نا؟ ئینجا تەقەی لێکردوون، دواتریش پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ته‌قه‌كه‌ره‌كه كوژرا.
ئێستا کۆنگرێسمان مایک بیشۆب لە نەخۆشخانەی گشتی ئەلێکساندریە وتی ڕەوشی سکاڵیس و کۆنگرێسمانێکی دیكه خراپە.
دواتر بێرنی سانده‌رز، له روونكردنه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، هیچ جۆره توندوتیژییه‌ك له‌لای ئه‌وانه‌وه قه‌بووڵكراو و نییه و توندوتیژیش له‌گه‌ڵ به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا یه‌كناگرێته‌وه.
كه‌مێك به‌ر له ئێستا، كه‌ناڵی فۆکس نیوز بڵاویكرده‌وه، له سه‌رچاوه‌یه‌كی نادیاره‌وه، ئیمەیڵێکی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی بۆ وێبسایتی تایبەتی کاپیتۆڵ هیڵز (کۆنگرێس)، تیایدا تەنیا ڕستەیەک هاتووە (ئەمە یەک ته‌واوبوو، 216ی ديكه ماوە).
له ئێستاشدا ده‌زگای پۆلیس و هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، وه‌كو ئێف بی ئای و سی ئای ئەی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەم ئیمەیڵە, بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ دوو رووداوی ته‌قه‌كردن له ئه‌مه‌ریكا روویدا، یه‌كه‌میان له یاریگایه‌كی وه‌رزشی ڤێرجینیا، كه به‌هۆیه‌وه ستيڤ سكاليز سه‌رۆكی كوتله‌ی كۆمارییه‌كان، برینداره له‌گه‌ڵ چوار كه‌سی دیكه.
دووه‌میشیان له سان فرانسیسكۆ بوو، كه هێرشكرایه سه‌ر كۆگایه‌ك و له ئاكامدا دوو كه‌س كوژران و 5 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.