ئه‌مریكا سزای رووسیا ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا، رۆژی چوار شه‌ممه 14/6/2017 بۆ سه‌پاندنی سزای نوێ به‌سه‌ر رووسیادا به زۆرینه‌ی ره‌ها ده‌نگییاندا، سزاكه‌ش به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی مۆسكۆیه له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا. ئه‌نجومه‌نی پیران دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكایان پابه‌ند كردووه، پێش ئه‌وه‌ی سزاكانی ئێستای سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ش سووك بكات، ره‌زامه‌ندی ئه‌وان وه‌ربگرێت.
97 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه، پاڵپشتی ئه‌و هه‌واركردنه‌وه‌یه بوون، كه بۆ پرۆژه یاسای تایبه‌ت به سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر رووسیا خرابووه به‌رده‌ستیان و ته‌نها دوو ئه‌ندامیش له‌گه‌ڵی نه‌بوون.
ده‌ركردنی یاسا بۆ سزادانی رووسیا، به‌هۆی چه‌ند پرسێكه‌وه‌یه، یه‌كێك له‌وان ده‌ستوه‌ردانه‌كه‌ی ساڵی رابردوویانه له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها كێشه‌ی نیمچه دوورگه‌ی كریمیا له ئۆكرانیا و پاڵپشتیكردنی حكومه‌تی سووریا.
به‌ڵام مۆسكۆ ره‌تیكردووه‌ته‌وه ده‌ستی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا وه‌ردابێ، تره‌مپیش ده‌ڵێ" ئه‌وه وه‌همی دیموكراته‌كانه چوونكه دۆڕان".
ئه‌و پرۆژه یاسایه پێویستی به ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و واژۆی سه‌رۆك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته یاسایه‌كی به‌ركار.
ئه‌گه‌ر تره‌مپیش ناڕازی بێ، به‌شێك له شاره‌زایانی یاسا ده‌ڵێن، پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌وكات پاڵپشتی ته‌واوی كۆنگرێس به‌ده‌ست بهێنێت و ئه‌و مافه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ هه‌یه‌تی تێپه‌ڕێنێ و ببێته یاسایه‌ك بۆ جێبه‌جێكردن.
جین شاهین، سیناتۆری دیموكراته‌كان، كه ده‌ستێكی باڵای له په‌سه‌ندكردن و هه‌واركردنه‌وه‌ی پرۆژه یاساكه‌دا هه‌بووه ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی پیران رووبه‌ڕووی ده‌ستوه‌ردانی رووسیا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا بوویه‌وه، ئه‌و هه‌موواركردنه‌ی هه‌ر دوو پارته‌كه (دیموكراته‌كان و كۆمارییه‌كان) كردوویانه بۆ یاساكه و زیادكردنی سزاكان، شایسته‌ی مۆسكۆیه له به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی كردوویانه".