خاڵی لاواز و بههێزی پورتوگال و چیللی
ئەمشەو لە یاری پێشکۆتاییدا جامی كیشوهرهكانی 2017، ھەریەکە لە چیللی پاڵەوانی دووجار کۆپا ئەمریکا و پورتوگالی خاوەن یۆڕۆی 2016 بەیەک دەگەن.
پرتوگال وەکو یەکەمی کۆمەڵەکەی بۆ ئەم قۆناغە سەرکەوت و چیللی ـش وەک دووەمی کۆمەڵەکەی سهركهوت، ھەرچەندە کۆمەڵەی چیللی بە بەراورد بە کۆمەڵەکەی پورتوگال زەحمەت تر بوو، بەڵام پورتوگال وەکو ئاست، ئاستی لە چیللی باشتر بوو.
خاڵی بههێز و لاوازی پورتوگال
پورتوگال بە سەرکردایەتی فێرناندۆ سانتۆس بوون بە پاڵەوانی یۆڕۆی 2016، سانتۆس یەکێکە لە ڕاھێنەرە زۆر زیرەک و گونجاوەکان بە تایبەت بۆ پورتوگال کە توانی گەورەترین مێژوو بۆخۆی تۆمار بکات.
سانتۆسی راهێنهری لە یۆڕۆی ڕابردووهوە تا ئهم پاڵهوانییهتییهش ئاستی ههڵبژاردهی پورتوگالی ورده ورده بهرهو ههڵشكان بردووه. ئهگهرچی پورتوگال لە یۆڕۆدا سەرەتایەکی خراپ و ناوەڕاستێکی ئاسایی و کۆتاییەکی بەھێزی ههبوو، لەم پاڵەوانیەتییەشدا پورتوگال لە یاری یەکەمدا بەرامبەر مێكسیكۆ ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد بە تایبەت لە ڕووی بەرگریەوە، بەڵام فێرناندۆ سانتۆس لە دوو یاری ڕابردوودا تیپەکەی ڕێکخستەوە.
خاڵی بەھێزی پورتوگال ھێڵی ناوەڕاست و پێشەوەی تیپەکەیە، بەھۆی بوونی ڕۆناڵدۆ و کوارێزما لە پێشەوە وە ھەبوونی بێرناندۆ سێلڤا و مۆتینھۆ و کارڤایلۆ تیپەکە لە ناوەڕاستدا ئاستێکی باشی ھەیە.
بەڵام کێشەی ئەمشەوی پورتوگال لە بەرگریدا دەبێت، بەھۆی یاری نەکردنی پیپی و گێرۆرۆی بەرگریکار کە تیپەکە تووشی ئاستەنگی دەبێت.
خاڵێکی تری لاوازی پورتوگال ئەوەیە کە تیپەکە بە پلانی 4-4-2 یاری دەکات کە پێویستە ئەو دوو یاریزانەی لەم پلانەدا لە باڵەكانی ناوەڕاست یاری دەکەن لە کاتی بەرگریدا یارمەتی بەرگریکارانی باڵەکان بدەن کە ئەمەش لە ھەردوو یاریزانی باڵەکانی پورتوگالدا بوونی نییە کە توانای بەرگریان زۆر لاوازە.
خاڵی بههێز و لاوازی چیللی
چیللی لەم پاڵەوانیەتییەدا ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش نەکردووە، بە گشتی لە دوای وازھێنانی سامپاوڵی و ھاتنی پیزی ئارجێنتینا ئاستی چیللی دابەزینی بەخۆیهوە بینیوە و تیپەکە ڕۆحیەتی سەرکەوتنی تیادا لاواز بووە.
خاڵی بەھێزی چیللی گەڕانەوەی ئاستی ئالێكسیس سانچێزە کە بەھۆی پێکانەوە ئاستی دابەزیبوو، سانچێزی گۆڵکاری مێژوویی چیللی وەکوو بڵێی بۆ سەرکەوتن دروستکراوە بە تایبەت لەگەڵ چیللی زیاد لە پێویست خۆی ماندوو دەکات.
خاڵێكی تری بەھێزی چیللی ئەوەیە کە ئەو چاوی ڕاگەیاندنەی لەسەر پورتوگالە بە بەراورد لەسەر چیللی کەمترە و ئەمەش وا دەکات یاریزانەکان ئاسوودەتربن وەک لە یاریزانانی پورتوگال.
خاڵی لاوازی تیپەکە دابەزینی ئاستی بەرگریکارانی تیپەکەیە بە تایبەت میدێڵ کە لە ڕابردوودا ئاستێکی زۆر بەرزی ھەبووه، ھەروەھا دابەزینی ئاستی ڤارگاسی ھێرشبەر کە لە پاڵەوانەتیەکانی ڕابردوودا بەردەوام ھاوشانی سانچێز گۆڵی گرینگی تۆمار کردووە، بەھۆی دابەزینی ئاستیەوە لە یاری ئەڵماندا ڤیداڵ وەکوو ھێرشبەری نووک یاری پێکرا.
نووسینی: ههكاری قانع