یانه‌ی نه‌فتی ناوه‌راست دووه‌مین یاریزانی كورد به‌ڕێ ده‌كات
دوای ئه‌وه‌ی فه‌رحان شكوور له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی یانه‌ی هه‌ولێری پێشووی به خواستن بۆ ماوه‌ی یه‌ك قۆناخ به 90 ملیۆن دینار روویكرده یانه‌ی نه‌فتی ناوه‌راست، به‌ڵام ئه‌م یاریزانه وه‌رزی ئه‌مساڵی ته‌واو نه‌كرد و یانه‌كه‌ی جێهێشت.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، كارگێرانی یانه‌ی نه‌فتی ناوه‌راست به‌هۆی په‌یوه‌ندیكردنی هێرشبه‌ره كورده‌كه به هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپی عێراق له فه‌رحان شكوور توڕه‌بوونه و بڕیاری دوورخستنه‌وه‌یان داوه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه هێشتا فه‌رحان شكوور 25%ـی بڕی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مووچه‌ی 3 مانگی وه‌رنه‌گرتووه و خولی نایابی عێراقیش 5 یاری ماوه.
كوردستان24 زانیاری ئه‌وه‌شی ده‌ستكه‌وتووه فه‌رحان شكوور كه ئه‌م وه‌رزه 8 گۆڵی بۆ یانه‌كه‌ی نه‌فتی ناوه‌راست تۆمار كردووه، به‌هۆی پێنه‌دانی ماف و شایسته داراییه‌كانی بڕیاریداوه له دادگای به‌غدا سكاڵا له دژی یانه‌ی نه‌فتی ناوه‌راست تۆمار بكات.
فه‌رحان شكوور، پێشتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌شداریی له مۆندیالی لاوان كردووه، له خولی نایابی عێراقیش یاری بۆ یانه‌كانی زاخۆ، سلێمانی و هه‌ولێر كردووه، له ناوه‌راستی وه‌رزی ئه‌مساڵیش، به‌هۆی كشانه‌وه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر له خولی نایابی عێراق له‌گه‌ڵ پۆلێك له یاریزانانی هاوڕێی كه پێكهاتبوون له (نیاز محه‌مه‌د، ئیڤان خالید، بارزان شێرزاد و دیار ره‌حمان) له یانه‌ی هه‌ولێره‌وه به‌شێوه‌ی خواستن تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه روویانكرده یانه‌ی نه‌فتی ناوه‌راست، پێشتر دیار ره‌حمان گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه هه‌ڵوه‌شانده‌وه، له ئێستاشدا فه‌رحان شكوور بووه دووه‌مین یاریزانه كه جانتایه‌كه‌ی به‌ره‌و یانه كۆنه‌كه‌ی پایته‌ختی باشووری كوردستان پێچاوه‌ته‌وه.