گڕه دۆزه‌خییه‌كه لێره بوو
K24 - هه‌ولێر:
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به رۆژانێكی تاقه‌تپڕوكێندا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌مجاره‌یان شه‌پۆلی گه‌رما بڕستی له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بریوه‌و رۆژانه له نێوان 51 تا 60 پله‌ی سه‌دی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. به تایبه‌تی له وڵاتی كوه‌یت و سعوودیه و عێراق له‌م رۆژانه‌دا گه‌رماكه پله‌ی پێوانه‌یی تۆماركردووه.
هێنده كه‌شوهه‌واكه گه‌رمه، زۆرێك به "گڕه دۆزه‌خییه‌كه" ناوی ده‌به‌ن، له زۆر ناوچه‌ی عێراق تا رۆژی سێ شه‌ممه پله‌كانی گه‌رما گه‌یشتووه‌ته 49 پله‌ی سه‌دی و به گوێره‌ی ده‌زگای كه‌شناسی عێراق،له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا له هه‌مان وه‌رزدا پێشتر وێنه‌ی نه‌بینراوه.
له سعوودیه‌ش سیستمی ئه‌لیكترۆنی بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته كه سه‌ر به ده‌سته‌ی گشتی كه‌شناسی و پاراستنی ژینگه‌یه به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما هاواری لێ هه‌ستاوه، چونكه شه‌پۆلێكی گه‌رمای توند ریاز و ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی سعوودیه‌ی گرتووه‌ته‌وه.
به‌ڵام گه‌رمای كوه‌یت رۆژی یه‌كشه‌ممه هێنده به تین بووه، گڕی به‌رداوه‌ته چه‌ند ناوچه‌یه‌ك، به گوێره‌ی ڤیدیۆیه‌ك كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بڵاوكراوه‌ته‌وه، بارهه‌ڵگرێكی په‌ككه‌وتوو تایه‌كانی رۆچووه‌ته ناو قیره‌كه‌وه كه به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی گه‌رما به ته‌واوی شل بووه‌ته‌وه، له هه‌ندێك ناوچه‌ی كوه‌یت پله‌ی گه‌رمی 65 پله‌ی سه‌دی تۆماركردووه‌و له هه‌ندێك ناوچه‌ش له 68 پله‌ی تێپه‌ڕاندووه.