"خه‌لیفه" بووه‌ته تارمایی
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌بو به‌كر به‌غدادی، رێبه‌ری رێكخراوی داعش كه رۆژی یه‌كشه‌ممه 9/7/2017 مۆڵگه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له مووسڵ له ده‌ستدا، ماوه‌ی 8 مانگه هیچ ده‌نگوباسێكی نییه، به‌و هۆیه‌شه‌وه لایه‌نگرانی ناویان ناوه " تارمایی" به ده‌گمه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت.
له 16/6/2017 سوپای رووسیا رایگه‌یاند " رۆژی 28/5/2017 ئه‌بو به‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعشیان له سووریا كوشتووه، فڕۆكه‌كانیان بۆردوومانی ناوچه‌یه‌كی ره‌ققه‌یان كردووه‌و له‌و شوێنه‌دا ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی داعش له كۆبوونه‌وه‌دا بوون، به‌ڵام پاشتر رایانگه‌یاند هێشتا له لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامن، چونكه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه ئه‌و هه‌واڵه‌ی بۆ پشتڕاست نه‌كرایه‌وه.
له ساڵی 2014 وه تا ئێستا زانیاریی و پڕوپاگه‌نده‌ی زۆر له‌سه‌ر كوژرانی "خه‌لیفه" بڵاوكرایه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هیچیان پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه.
ته‌نها ده‌ركه‌وتنی ئاشكرای به‌غدادی، مانگی ته‌مووزی ساڵی 2014 بوو، ئه‌و كاته‌ی له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی نووری ده‌ركه‌وت و به جلوبه‌رگێكی ره‌شه‌وه وتاری پێشكه‌ش كرد و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی "خه‌لافه‌ته‌كه‌ی له عێراق و سووریا به فراوانی راگه‌یاند".
پاش ئه‌وه رێكخراوه‌كه كه‌وته به‌ر هێرشی سه‌ربازی له عێراق و سووریا و تا ئێستا كه‌س نازانێت ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی به "خه‌لیفه" ناساند، له كوێیه كه ئه‌مریكا 25 ملیۆن دۆلاری دیاریكرد تا هه‌ر كه‌س هاوكارییان بكات بۆ گه‌یشتن به به‌غدادی وه‌ك پاداشت پێی بده‌ن.
پاش ئه‌و تۆماره ده‌نگییه‌ی له مانگی 11ی ساڵی رابردوو كاتێك تازه ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ستیپێكردبوو له 17/10/2017، رێكخراوه‌كه بڵاویان كردووه، تا ئیستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ژیانی به‌غدادی نه‌بینراوه، ته‌نها ئه‌و كاته قسه‌ی كردوو داوای خۆڕاگری و "جیهادی تا مردنی" له لایه‌نگرانی كرد.
راپۆرته‌كانیش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌وانه‌یه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه به‌غدادی مووسڵی جێهێشتبی و به‌ره‌و سنووره‌كانی عێراق و سووریا چووبێ.
پاتریك سكینه‌ر، توێژه‌ری ( Soufan Group ) ده‌ڵێت" ئاساییه سه‌ركرده‌ی رێكخراوێكی گه‌وره‌ی تیرۆریستی هه‌ست به گرنگیی ده‌رنه‌كه‌وتنی بكات و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پڕوپاگه‌نده‌ی تایبه‌ت به‌وه‌وه زۆر ئاگاداری بێت.
هه‌ر چه‌نده ئه‌و ده‌رنه‌كه‌وتنه‌ی "تارماییه‌كه" زۆر پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی ئوسامه بن لادن رێبه‌ری پێشووی قاعیده‌یه، كه له نێوان ساڵانی 2000 تا 2010 به مامۆستای توندڕه‌وه‌كان داده‌نرا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان به‌غدادی كه‌سێكی خۆپه‌رست و شه‌ڕانگێزه، ئێبراهیم عه‌واد به‌دری سامه‌یڕایی، ساڵی 1971 له خێزانێكی هه‌ژاری شاری سامه‌ڕای باكووری به‌غدا له دایك بووه، دوو ژنی هێناوه‌و له یه‌كه‌میان 4 منداڵ و له دووه‌میان یه‌ك منداڵی هه‌یه. یه‌كێك له ژنه‌كانیشی به به‌خیوكه‌رێكی ئاسایی خێزانه‌كه‌یان ناوی بردووه.
به‌غدادی شاره‌زای تۆپی پێ بووه‌و ده‌یویست ببێته پارێزه‌ر، به‌ڵام كۆنمره‌كانی ریگه‌ی نه‌داوه بچێته كۆلێژی ماف.
ئاره‌زووی ده‌كرد بچێته ریزی سه‌ربازی، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌ی كه‌مبینینی چاوی نه‌یتوانیووه ئه‌و خه‌ونه‌یشی به‌دی بهینێ و دواجار خوێندنی ئایینی له به‌غدا خوێندووه.
چوونی به‌غدادی بۆ زیندانی بوكا كه چه‌ند كیلۆ مه‌ترێك له سنووری عێراق و كوه‌یته‌وه دوور بوو، بووه‌ته خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بۆی.
به‌غدادی به‌هۆی درووستكردنی گرووپێكی بچووكی سنووردار، پاش رووخانی رژێمی سه‌دام له 2003 ده‌ستگیر كرا‌و له شوباتی 2004 برایه گرتووخانه‌ی بوكا كه زیاتر له 20 هه‌زار زیندانیی تێدا بووه.
له‌و زیندانه‌دا سه‌ركرده ده‌ستگیركراوه‌كانی رژێمی به‌عسیش هه‌بوون، جگه له توندڕه‌وه سوننه‌كان و پاشان ئه‌و گرتووخانه‌یه بووه‌ته " زانكۆیه‌كی جیهاد".
پاش ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی پێویست له دژی به‌غدادی به‌رده‌ست نه‌بووه، له مانگی 12 ی 2004 ئازادكراوه، پاشان به‌غدادی به‌یعه‌تی به ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی داوه كه سه‌ركردایه‌تی گرووپێكی چه‌كداره سوونه‌كانی ده‌كرد و سه‌ر به رێكخراوی قاعیده بوون.
له مانگی 10 ی 2005 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه "ئه‌بو دوعا" یان كوشتووه‌و وا لێكدرایه‌وه ئه‌وه به‌غدادییه ئه‌و نازناوه به‌كارده‌هێنیت.
به‌ڵام هه‌واڵه‌كه راست ده‌رنه‌چوو، چونكه پاش كوژرانی ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی رێبه‌ریی و ئه‌بو ئه‌یوبی میسری یاریده‌ده‌ری ئه‌بو عومه‌ر،، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له مانگی ئایاری 2010 به‌رپرسیارییه‌تی "ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی" وه‌رگرت.
پاش ئه‌وه‌ش به‌غدادی توانی ریزی توندڕه‌وه‌كان رێكبخات له عێراق و خۆی سه‌ركردایه‌تییان بكات و خۆیان رێكبخه‌نه‌وه. ساڵی 2013 بوونه رێكخراوێك به ناوی " ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام" و دواتر ململانێكانی سووریایان قۆسته‌وه‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان له سووریا داگیركرد و له ساڵی 2014 هێرشێكی به‌رفراوانیان كرده سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق.
له 29/6/2017 محه‌مه‌د عه‌دنانی گوته‌بێژی رێكخراوه‌كه جاڕی خه‌لا‌فه‌تی ئیسلامی‌دا، ئه‌وه‌ش پاش سێ هه‌فته بوو له‌و هێرشه به‌ربڵاوه‌ی كردبوویانه سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و رۆژهه‌ڵات و باكووری سووریا.
له تۆمارێكی ده‌نگیدا كه له 14/5/2015 بڵاوكرایه‌وه، ئه‌بو به‌كر به‌غدادی داوای له توندڕه‌وه‌كانی جیهان كرد بێنه ریزی "خه‌لافه‌ته‌كه‌یه‌وه" یان له وڵاته‌كانی خۆیاندا ده‌ست به شه‌ڕكردن بكه‌ن و ته‌ئكیدی كرده‌وه كه ئایینی ئیسلام " ئایینی شه‌ڕكردنه".