ماره برینداره‌كه له جووڵه نه‌كه‌وتووه
K24 - هه‌ولێر:
رزگاركردنی مووسڵ ، گورزێكی كه‌مه‌رشكێن بوو بۆ داعش، به‌ڵام مانای كۆتایی ئه‌و ریكخراوه نییه.
رۆژی 9/7/2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند " سه‌ركه‌وتنی گه‌وه‌ره به دێهاتووه و هێزه‌كانیان توانیوویانه مۆڵگه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی داعش له عێراق كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه".
مووسڵ ماوه‌ی زیاتر له 3 ساڵ هاوشانی ره‌ققه‌ی سووریا، پایته‌ختی داعش بوو له عێراق، له وێوه فه‌رمانڕه‌واییان به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی فراوانی عێراقدا ده‌كرد، تا ئه‌و پارێزگایه‌ش له داعش سه‌ندرایه‌وه، خوێنێكی زۆری پیشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق و خه‌ڵكی سڤیل رژا، ئێستا شاره‌كه وێران بووه، هه‌ر چه‌نده فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی داعشی به سه‌ره‌وه نه‌ماوهه، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ش نییه كه داعش مه‌ترسی نه‌مابێ.
كۆڵۆنێل ده‌یڤید ویتی، شرۆڤه‌كار و كۆڵۆنێلی هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێت" كه‌وتنی مووسڵ، گورزێكی كه‌مه‌رشكێن بوو بۆ داعش".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی "گورزێكی كوشنده‌ی نوێیه به‌ر داعش ده‌كه‌وێت، ناوچه فراوانه‌كانی له ده‌ستداوه، پێشتر رووبه‌ری ئه‌و خاكه‌ی كۆنترۆڵی كردبوو، هێنده‌ی هه‌موو رووبه‌ری كۆریای باشوور ده‌بوو، نزیكه‌ی 10 ملیۆن كه‌سی تێدا ده‌ژیا، ئێستا ناوچه‌كانی له ده‌ستداوه‌و كه‌متر له نیوه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له عێراق و سووریا له ژێر ده‌ستدا ماوه".
هه‌روه‌ها داعش هه‌زاران چه‌كداری ناوخۆیی و بیانی له ده‌ستداو كوژران.
ئه‌گه‌ر ئه‌و گورزه رێكخراوه‌كه لاواز بكات، به‌ڵام هێشتا زووه بگوترێت له ناو چووه‌و سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به ده‌ستهاتووه.
له‌و باره‌وه پاتریك مارتن، شیكه‌ره‌وه‌ی كاروباری عێراق له په‌یمانگای تویژینه‌وه‌ی جه‌نگ ده‌ڵێت "ناتوانرێت رزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ وه‌ك دوایین بزمار دابنریت كه له تابووتی داعش درابێ" چونكه هێشتا داعش ناوچه‌ی گرنگی له سووریا له ژێر ده‌ستدایه و سه‌ره‌ڕای هێرشی سه‌ر شاره‌كه، هێشتا ره‌ققه‌ی مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی له‌و وڵاته له ده‌ست نه‌داوه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی " ئێستا داعش ته‌نها 7% خاكی عێراقی به ده‌سته‌وه ماوه، له رووبه‌ری ئه‌و خاكه فراوانه‌ی تا ساڵی 2015 داگیری كردبوو.
مارتن ده‌ڵێت " ئه‌گه‌ر هیزه ئه‌منییه‌كانی عیراق رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان نه‌گرنه به‌ر، ئه‌گه‌ری زۆره داعش له ناوچه‌ی دیكه‌وه سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه".
ئێستا داعش ته‌كتیكی جه‌نگی گۆڕیوه‌و كردوویه‌تی به شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری و ته‌قینه‌وه‌ی ناو به ناو، چونكه توانای هێرشی فراوان و جه‌نگی به‌رفراوانی له ده‌ستداوه.
ویتی پێشبینی ده‌كات بۆ ماوه‌یه‌كی كورت، داعش له عێراق په‌نا بۆ چالاكی تیرۆریستی ببات نه‌ك هه‌وڵدان بۆ سه‌رله‌نوێ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی دیكه".
مارتن ده‌ڵێت ئه‌و هیرشه توندانه‌مان بیره كه به‌هۆی شكسته‌كانیان ئه‌نجامیانداوه، ته‌قینه‌وه خوێناوییه‌كه‌ی ته‌مووزی 2016 له ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی به‌غدا كه بووه هۆی شه‌هیدبوونی 320 كه‌س، ئه‌وه‌ش به‌هۆی شكستی رێكخراوه‌كه بوو له فه‌لوجه".
ساڵی رابردووش، داعش هێرشی كرده سه‌ر كه‌ركووك و به‌و هۆیه‌وه 36 كه‌س شه‌هید بوون و زیاتر له 130 كه‌سیشیان بریندار كرد، ئه‌و كاته‌ش ته‌نها 5 رۆژ بوو ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ له 17/10/2017 ده‌ستیپێكردبوو.
ویتی پییوایه، سه‌ره‌ڕای شكستی توندڕه‌وه‌كانی داعش، تا چه‌ند ساڵیكی دیكه‌ش عێراق سه‌قامگیریی به خۆیه‌وه نابینێت.
سه‌ره‌ڕای له ده‌ستدانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستیان له عیراق و سووریا، به‌ڵام هێشتا ئه‌و رێكخراوه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر زۆر وڵاتی جیهان.
چونكه له ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوودا، هه‌زاران چه‌كداری داعش دوای به‌شداریكردنیان له شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌كانی عێراق و سووریا، گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌كانیان.
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ئایدۆلۆژیای توندڕه‌وی و "جیهادی" له‌سه‌ر پێگه‌كانی ئینته‌رنێت، زۆر شانه درووست بوون كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی رێكخراویان به داعشه‌وه نه‌بووه، به‌ڵام به‌یعه‌تیان پێداون و هێرشی تیرۆریستییان له ناوچه جیاوازه‌كانی جیهان ئه‌نجامداوه.