40 تانكەر بەنزین لە سلێمانی دەستی بەسەرداگیرا

"ئەو بەنزینەی باریان كردبوو مەترسیداربوو"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بە گوتەی ژمارەیەك پەرلەمانتار، دوای بەدواداچوون و پێدانی زانیاری بە لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەبارەی نزمی كوالیتی بەنزین، 40 تانكەر بەنزین لە سلێمانی دەستی بەسەرداگیراوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ژمارەیەك پەرلەمانتار لە سلێمانی رایانگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ نزمی كوالیتی بەنزین لە سلێمانی كرد، دوای ئەوەی زانیارییەكانمان كۆكردەوە، دەركەوت كە مادەی خراپ لە نێو ئەو بەنزینەدا ھەیە كە دابەش دەكرێت، پاشان بە راپۆرتێك زانیارییەكانمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد و دەست بەسەر 40 تانكەری بەنزین داگیرا كە بەنزینی كوالیتی نزم و خراپیان گواستووەتەوە سلێمانی".

پەرلەمانتاران، ئەوەشیان خستەڕوو: "ئەو بەنزینە مادەی مەترسیداری تێدابووە كە ھەڕەشەیە بۆسەر ژیانی مرۆڤ، بەجۆرێك ئەو كەسەی پشكنینی بۆ بەنزینەكە كردووە، بەھۆی تێكچوونی باری تەندروستی نەیتوانیوە پشكنین بۆ 20 تانكەر بكات".