هێزە سیاسییەکان لەبەردەم سێ بژاردەدان

Kurd24

K24 – هه‌ولێر:

هەموو حزبە سیاسیەکانی کوردستان، بە تایبەتی ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی کە راستەوخۆ بەشداربوون لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیەکەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتیان هەڵبژارد، یاساو عورفی دەستووری و ئەرک و بەرژەوەندی نیشتمانی، ئەوەیان لێ دەخوازێت کە قۆناغێکی تر و تێگەيشتن و سازانێکی نوێ بهێننە دی، بۆ ئەم مەبەستە لایەنە سیاسیەکان بە گشتی لە بەردەم سی بژاردەی سەرەکیدان:

یان دەبێت بە سازان پەرلەمان کارا بکەنەوە، یان بەرەو هەڵبژاردن بچن و هەموو لایەنێک بە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازی بێت، یاخود ئەم قۆناغە بەردەوام بێت تا پەرلەمان ماوەی یاسایی خۆی تەواو دەکات و شەرعیەتی نامێنێت.

زانراوە کە خاڵی دووەم ئەگەر لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە ئەولەوییەت بێت و بۆیان گرنگ بێت پێویستە بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان دوو مانگ بەر لە کۆتایی هاتنی ماوەی پەرلەمان هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، واتە کۆمسیۆن پێویستە بەلایەنی کەمەوە 60 رۆژ پێش کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی پەرلەمان، واتە لانیکەم لە 7 ی ئەیلولی 2017 هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.

بێگومان ئاسان نییە و بگرە مومکین نییە کە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەم ئەرکە ئەنجام بدات، نەخاسمە کە ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ريفراندۆمى هەرێمی کوردستان کە لە 25 ی ئەیلول ئەنجام دەدرێت، بۆیە باوەڕ ناکەم حزبەکان و کۆمسیۆن بتوانن لەو کاتەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

بژاردەی سێیەم کە بەگوێرەی بۆچوونی خۆم بژاردەیەکی نا تەندرووستە و خزمەت بە دۆخی سیاسی کوردستان و ئەرک و بەرپرسیارێتی یاسایی و سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی ناکات، ئەوەیە کە لە 6ی تشرینی دووەم 2017 تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دەچێت و شەرعییەتی نامێنێت، واتە ئەگەر پەرلەمان تەمەنی یاسایی خۆی درێژ نەکاتەوەو هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرێت، پەرلەمان بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدرێت، ئەمەش هیوایەک بۆ کارکردنی پەرلەمان و ژینگەیەک بۆ گفتوگۆی ئیجابی سیاسی حزبەکان ناهێڵێتەوە، ئەگەر هیچ ڕێکەوتنێکیش ئەنجام نەدرێت پەرلەمان ناتوانێت نیسابی یاسایی تەواو بکات و تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، قۆناغی دوای نەمانی شەرعییەتی پەرلەمان قۆناغێکی سەخت و نا ئاساییەو نیشانەی پرسیاری مێژوویی لەسەرعەقڵیەتی سیاسی و پێگەیشتوویی و بەرپسیارێتی حزبەکان درووست دەبێت و لەناوخۆشدا لە هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا خاوبوونەوە دروست دەبێت، لەرووی شەرعییەتی یاساییەوە بە گشتی لە جۆرێک لە بۆشاییدا دەژین، ئەمەش نوختەیەکە پێم وانییە هیچ هاونیشتمانییەک و هیچ لایەنێکی سیاسی و تەنانەت دۆستەکانمان نایخوازن و نایانەوێ واقیعێکی لەم چەشنە ببینن.

دۆخی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ناوخۆیی باشوری کوردستان بە گشتی ئەوە دەخوازێ کە هەموومان مل کەچ بین بۆ تێگەیشتنێکی نیشتمانی یاسایی تەندروست کە تیایدا خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی و هەموو لایەک تێیدا سەرکەوتوو سەرفراز بن، وابزانم ئەوەندە باس و خواسمان بۆ یەکتر کردووە، کە دەخوازێ قۆناغی قسە بکەینە قۆناغی کردەوەی دامەزرواوەیی و هەر لەوێشدا سەرکەوتن و نیەت پاکی تۆمار دەکرێ.

هەر بۆیە بژاردەی بەهێز و مەنتقی خاڵی یەکەمە کە هێزە سیاسییەکان بە مەنتیقی و عەقڵ و سازان پەرلەمان کارا بکەنەوەو هێزە سیاسییەکان رێکەوتن بکەن لەسەر بەرنامەی کاری پەرلەمانی لەماوەی خولی گرێدانی ئەم خولە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، هەروەها پەرلەمان بۆ سەرخستنی رێفراندۆم و سەرخستنی دەنگی گەل بۆ سەربەخۆیی کار بکات، ئەگەر بێت و هەر هێزێکیش نەیەتە پێش بۆ ئەم دەست پێشخەرییانەو نەرمی نەنوێنێت ئەوا نابێت پەرۆشی بۆ ئەرکەکانی ئەم قۆناغە لەبیر بکرێ و بە یەکێک هەموو ئەوانی تر گیرۆدەبن، پێویستە ئەو کاتە لایەنە سیاسییەکان خۆیان یەکلایی بکەنەوە، نابێت بە پاساوی بەشداری نەکردنی لایەنێک بەربەست بۆ ڕیفراندۆم و کۆی ئەرکە یاسایی و دیموکراسیەکانی ئەم قۆناغە دروست ببێت، هەموو پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنین و ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانیش سەربخەین و، تۆمار لە لاپەرەیەکی نوێ بۆ ئێستاو داهاتوو بنەخشێنین.