سوپای پاسداران بەرەنگاری رۆحانی دەبێتەوە

رۆحانی: سوپای پاسداران ویستی رێككەوتننامەی ئەتۆمی تێك بدات

K24 - ھەولێر

سوپای پاسدارانی ئێران بە توندی وەڵامی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری وڵاتەكەی دەداتەوە و بە پێدانی ئەدرێسی ھەڵە بە خەڵك تۆمەتبار دەكات.

لە دووەمین دیبەیتی ھەر شەش پاڵێوراوی سەرۆك كۆماری ئێران، رۆحانی بێ ئەوەی ناوی ھیچ دامەزراوێك بێنێت، رایگەیاند "لەو شوێنانە سەركەوتوو بووین، كە یەكگرتوو و پێكەوە بووین. لەو شوێنەی ویستیان رێككەوتننامەی ئەتۆمی تێك بدەن، دیاربوو چییانكرد، ھاتن شارەكانی ژێرزەوییان پیشاندا، بۆ ئەوەی رێككەوتننامەی ئەتۆمی تێك بدەن. لەسەر مووشەكەكان درووشمیان نووسی بۆ ئەوەی رێككەوتننامەكە تێك بدەن، بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین 100% كەڵك لە رێككەوتننامەكە وەربگرین".

ئاماژەی سەرۆك كۆماری ئێران، پیشاندانی سایلۆیەكانی  مووشەكی سوپای پاسداران بوو كە بە زمانی عیبری لەسەر مووشەكەكان نووسرابوو "ئیسرائیل لەناو دەبەین".

مەسعوود جەزائیری گوتەبێژی سەرۆك ئەركانی ھێزە چەكدارەكانی ئێران بە توندی وەڵامی رۆحانی دایەوە و گووتی "پاڵێوراوانی سەرۆك كۆماری خۆیان لە گەنگەشەی سەربازی  و پێدانی ئەدرێسی ھەڵە بە خەڵك بپارێزن".

گووتیشی "بەھێزكردنی توانایی مووشەكی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەت و رێكارە گشتییەكانی ئێراندا بووە و بوونی بنكە ژێرزەمینییەكان و مووشەكی ھۆكارێكی گرنگی بەرگرییە بەرامبەر ھێرشی دوژمنانی سوێندخواردووی شۆڕشی ئیسلامی و خەڵكی ئێران".

رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران نێوان تاران و ھەر یەك لە وڵاتانی ئەمریكا، رووسیا، بریتانیا، فرەنسا، چین و ئەڵمانیا لە سەرەتای ساڵی 2016 كەوتە بواری جێبەجێكردن و بە ھۆیەوە سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران ھەڵگیران و لە بەرامبەردا چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران سنوورداركران.

دووەمین دیبەیتی پاڵێوراوانی سەرۆك كۆماری ئێران لە بارەی پرسە سیاسی، ئابووری و كلتورییەكان بە رەخنەگرتنیان لە یەكتر بەڕێوەچوو و بەھۆی خستنەڕووی ئامار و دەربڕینەكانیانەوە، كاردانەوەی دامەزراو  و كەسانی دیكەشی لێكەوتەوە.

ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران ھاوكات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند رۆژی 19 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.