خامه‌نه‌یی "سێبه‌ری جه‌نگی" رۆحانی ره‌تده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر
عەلی خامەنەیی رێبەری ئێران بە رەخنەگرتن لە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری وڵاتەكەی رایگەیاند "هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن توانیومانه سێبه‌ری جه‌نگ به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته لابده‌ین، به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه راست نییه، ئه‌وه‌ی سێبه‌ری شه‌ڕ، سێبه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمن له ساڵانی یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی رابردوو به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته لایدا، ئاماده‌بوونی خه‌ڵك بووه".
حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران و ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران پاش رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی رایانگه‌یاند توانیویانه سێبه‌ری جه‌نگ به‌سه‌ر ئیران لا ببه‌ن، كه ئاماژه‌یه‌ك به نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌كانی لێدانی ئیران له لایه‌ن ئه‌مریكاوه.
رۆحانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كابینه‌كه‌ی، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف چه‌ندینجار رایانگه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نه‌بوایه، ئه‌گه‌ری روودانی شه‌ڕ له ئارادابوو.
رۆحانی له سه‌ردانی ئه‌م هه‌فته‌ی خۆی بۆ شاری یه‌زد رایگه‌یاند " ئه‌و رۆژانه‌ی بڕیارنامه‌كانی وه‌ك شمشێر به‌سه‌ر سه‌ری ئه‌م میلله‌ته بوون، خه‌ڵك سه‌رفه‌زار بوون یان ئه‌مڕۆ كه توانیومان ته‌واوی بڕیارنامه‌كان له خودی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه؟"
گوتیشی "پیویسته خه‌ڵك له رۆژی 29 بانه‌مه‌ڕ (19 ئایار) هه‌ڵبژێن كه سه‌رفه‌رازی وڵاته‌كه‌یان ده‌وێت، یان سێبه‌ری شوومی جه‌نگ".
دوایین لێدوانی رێبه‌ری ئێران له كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری و ئه‌نجومه‌نه‌كانی شار و گوند دایه و داوا له خه‌ڵكی ئێران كرد به‌شداری له هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.
خامه‌نه‌یی له‌م باره‌وه گووتی "هه‌رگیز ناڵیم ده‌نگ به كێ بده‌ن یان نه‌ده‌ن، به‌ڵام داوا ده‌كه‌م به‌شداری له هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و ده‌نگ به‌و كه‌سه بده‌ن كه خۆتان دەزانن".