پارێزگارانی ئێران رێگە بە بڵاوبوونەوەی ھەواڵەكانی سەرۆك كۆمار لە تەلەڤزیۆنی فەرمی نادەن

سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور داوای رەتكردنەوەی پاڵێوراوانی ناموسڵمان دەكات بۆ پۆستی ئەنجومەنی شار و گوندەكان

K24 - ھەولێر

پاڵێوراوی پارێزگارانی ئێران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەم وڵاتە، داوای لە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی کردووە هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە حەسەن رۆحانی بڵاو نەکاتەوە.

ئیبراهیم رەئیسی لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی رێکخراوی رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی ئیران داوای لێکردووە "بۆ ئەوەی گومانی بانگەشەکردن و لایەنگری کردن لە رۆحانی نەخرێتە سەریان، تا کۆتایی هەڵبژاردنەکان، هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە سەرۆک كۆمار  بڵاو نەکەنەوە."

رەئیسی رایگەیاندووە "هەواڵی چالاکییەکانی حەسەن رۆحانی لە پۆستی سەرۆک کۆماریدا بە بەردەوامی و بە رێژەیەکی زۆر لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی ئێران و تەنانەت بە شێوەی راستەوخۆ بلاو دەبێتەوە و ئەمەش وەک بانگەشەی پێشوەختە بۆ رۆحانی".

 

ئه‌حمه‌د جه‌نه‌تی سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور
ئه‌حمه‌د جه‌نه‌تی سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور

لە لایەكی دیكەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، ئەحمەد جەنەتی داوای "رەتكردنەوەی كاندیدانی ناموسڵمان بۆ پۆستی ئەنجومەنی شار و گوندەكان دەكات"، بە بۆنەی ئەوەی "زۆرینەی خەڵكی ئەو ناوچانە موسڵمانن".

جەنەتی لە راگەیەندراوێكدا داوای كردووە "پابەندی مادەی چواری دەستوور بن و لەو ناوچانەدا كە زۆربەی دانیشتوانی موسوڵمانن، كاندیدی كەمایەتییە ئاینییەكانی ناموسڵمان بۆ پۆستی ئەنجومەنی شار و گوندەكان رەت بكرێنەوە". و ھەڵبژاردنیان بە "پێچەوانەی شەرع" دەزانێت.

ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور مافی دەستێوەردانی راستەخۆی لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی شار و گوندەكان نییە، بەڵام بەو راگەیەندراوە ئاستەنگی بۆ بەردەم وەزارەتی ناخۆی ئێران دروستكردووە.

بڕیارە 19 مانگی  ئاداری داھاتوو ھاوكات ھەردوو ھەلبژاردنی سەرۆك كۆماری و ئەنجومەنی شار و گوندەكان لە ئێران بەرێوە بچێت.

ھەر لەبارەی ھەڵبژاردنەكانی ئێران، لێژنەیەك لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ چاودێریكردنی پێشێلكاری لە ھەڵبژاردنی پاڵێوراوان پێكھێنراوە.