حەسەن روحانی دەبێتە پاڵێوراوی ریفۆرمیستەكان بۆ سەرۆكایەتی ئێران

پارێزگاران 14 كەسیان وەك پاڵێوراوی سەرەتایی دەستنیشان كردووە

K24 - ھەولێر

ریفۆرمیستەكانی ئێران رایانگەیاند حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێستای وڵاتەكەیان پاڵێوراوی رەوتەكەیان دەبێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە بڕیارە رۆژی 18 ئایاری داھاتوو بەڕێوە بچێت.

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسەتی ریفۆرمیستەكان رایگەیاند ئەنجومەنەكەیان لە دوایین كۆبوونەوەی خۆی لە نێوان چەندین پێشنیاری جیاواز كە پێشكەشكرابوون، بە كۆی دەنگ حەسەن روحانی وەك پاڵێوراوی رەوتی ریفۆرمیستەكان ھەڵبژارد.

ریفۆرمیستەكانی ئێران لە ھەڵبژاردنی پێشووی سەرۆكایەتی دەنگیان بە حەسەن روحانیدا، پاش ئەوەی پاڵێوراوەكەیان، محەمەدرەزا عارف لە بەرژەوەندی روحانی لە ھەڵبژاردن كشایەوە و ھاشمی رەفسەنجانی و محەمەد خاتەمی سەرۆك كۆمارەكانی پێشووتری ئێران بە شێوەیەكی فەرمی پشتگیرییان لە روحانی كرد، كە لە سەرەتاوە وەك پالێوراوێكی سەربەخۆ خۆی ناساندبوو.

دیاریكردنی روحانی وەك كاندیداتوری ریفۆرمیستەكان لە كاتێك دایە كە لایەنی بەرامبەر، پارێزگاران بە تایبەتی گروپی تازە دامەزراوی "بەرەی گەلی ھێزەكانی شۆڕش" بە شێوەیەكی نافەرمی 14 كەسیان دیاریكردووە كە پاڵێوراوی سەرەتایین بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بێ ئەوەی لەسەر پاڵێوراوێكی ھاوبەش رێك بكەون.

پێشتر رێبەری ئێران عەلی خامنەیی، مەحمودی ئەحمەدی نەژادی سەرۆك كۆماری پێشوو لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دوور خستەوە. بەڵام ئەو لە دوایین ھەڵوێستی خۆی رایگەیاند بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەشداری ناكات و پێدەچێت پشتگیری لە جێگری جێبەجیكاری سەردەمی سەرۆكایەتییەكەی خۆی، حەمید بەقایی بكات كە خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پاڵاوتووە.

حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێستای ئێران لە رۆژی 12 تشرینی دووەمی 1948 لە دایك بووە. لە ساڵی 1999ـەوە ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانە و لە ساڵی 1991 ـەوە ئەندامی كۆمەڵەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانە و لە ماوەكانی جیاوازدا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەوتەوەیی و سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئەتۆمی ئێران بووە.

JS