جەژنی چوارشەممەسووری لە ئێران دەیان قوربانی لێكەوتەوە

سەرباری رێگرییەكانی ھێزە ئەمنییەكان ئاگری چوارشەممەسووری لە رۆژھەڵاتی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی ئێران كرایەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

جەژنی چوارشەممەسووری لە رۆژھەڵاتی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی ئێران بە كردنەوەی ئاگر و یاری ئاگرین و بازدان بەسەر ئاگر بەڕێوەچوو، كە سەرباری دەربڕینی خۆشی و شایی بەشدارانی، چەندین قوربانیشی لێكەوتەوە.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 14 ئادار مێرمنداڵێكی 14 ساڵی لە تارانی پایتەخت گیانی لەدەستدا و زیاتر لە 70 كەسی دیكەش بەرینداربوون، كە لە رۆژی 7 ئادارەوە تا ئێستا 9 كەس بەھۆی رووداوەكانی چوارشەممەسووری لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 130 دیكەشی برینداربوون.

سەرۆكی  رێكخراوی فریاكەوتنی ئێران رایگەیاند بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەی رابردوو 65 پیاو و 9 ژن بەھۆی مەراسیمەكانی چوارشەممە سوری برینداربوون و یەكێكیان چاوێكی لە دەستدا.

 

لە لایەكی ترەوە سەرۆكی ناوەندی بەڕێوەبردنی رووداو و فریاكەوتنەكانی پزیشكی لە زانكۆی پزیشكی ورمێ رایگەیاند بەھۆی تەقینەوەی مادەی یاری ئاگرین لە حەوشی ماڵێك، گەنجێك قامكێكی لەدەستدا و یەكێكی تریش چاوێكی لەدەستدا. لە شاری ئەراكیش ھاووڵاتییەك قامكێكی لەدەستدا.

رۆژی 10 ئادار كاتی دروستكردنی مادەی تەقینەوە بۆ یاری ئاگرین لە ماڵێك لە شاری ئەردەبیل  تەقینەوەیەك روویدا و بەھۆیەوە 8 كەس كوژران و دوو دیكەشی برینداربوون و خانووەكەشی بە تەواوەتی رووخا.

ئاگری چوارشەممە سوری
ئاگری چوارشەممە سوری

ئاژانسی ئێرنا بڵاوی كردەوە، رۆژی سێشەممەی رابردوو بە ھۆی تەقینەوەی نارنجۆكێكی دەستكرد، خانوویەك رووخا و سێ گەنج لە ژێر دیوارە رووخاوەكانی رزگاركران و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

لە سەروبەندی چوارشەممەسووری، بەرپرسانی ئەمنی ئێران و وەزارەتی تەندروستی لەبارەی بەكارھێنانی مادەی تەقینەوە ھۆشدارییاندا، بەڵام ساڵانە مەراسیمەكانی چوارشەممە بێ قوربانی تێپەڕ نابێت.

ساڵی رابردوو سێ كەس لە مەراسیمەكانی چوارشەممەسووری گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 250 كەسی دیكەشی برینداربوون.

لە توڕە كۆمەڵایەتییەكان، كەمپینێك بۆ بەكار نەھێنانی مادەی تەقینەوە رێكخرا، بەڵام نەیتوانی پێشی بە یاری ئاگرین بگرێت، بە ھۆی ئەوەی كە شوێنی تایبەت بۆ ئەم یارییە نییە، ھاووڵاتیان لەسەر شەقام و كۆڵانەكان دەست بە یاری ئاگرین دەكەن.

ھەرچەندە رێورەسمی چوارشەممەسووری لە ئێران قەدەغە كراوە و بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە كردەوەیەكی ناشرعی دەزانن و ھەموو جورە رێوشوێنك بۆ پێشیپێگرتن دەگرنەبەر، بەڵام ھاووڵاتیان، بەتایبەتی گەنجان بە دروستكردنی مادەی تەقینەوەی دەستكرد بۆ یاری ئاگرین و كردنەوەی ئاگر بەشداری لە جەژنی چوارشەممە سوری دەكەن.

ئاگری چوارشەممەسووری
ئاگری چوارشەممەسووری

جەژنی چوارشەممەسووری لە لایەن كوردانی رۆژھەڵاتی كوردستان، نەتەوەكانی دیكەی ئێران  و لە تاجیكستان و ئەفغانستان بە كردنەوەی ئاگرێكی بچووكتر لە ئاگری نەورۆز بەڕێوە دەچێت و بەسەر ئاگر باز دەدەن و لە دەوری ئاگرەكەشی ھەڵپەركێ و سەما دەكەن، بەڵام چەندین ساڵە  یاری ئاگرینیش لەم جەژنەدا بەڕێوە دەچێت.

رێورەسمێكی نەریتی چوارشەممەسووری
رێورەسمێكی نەریتی چوارشەممەسووری

رێبەری ئێران عەلی خامنەیی رۆژی دووشەممە 13 ئادار لە وەڵامی راپرسیەك لەبارەی جەژنی چوارشەممە سوری پێداگری لەسەر ھەڵوێستی پێشووی خۆی كرد و گوتی "چوارشەممەسووری ھیچ بنەمایەكی شەرعی نییە و باشتر وایە خۆتان لێی دوور بخەن".

پێشتریش ھەندێ لە "مراجع تقلید"ی شیعە رایانگەیاندووە جەژنی چوارشەممەسووری "بنەمای شەرعی نییە" و جورێكە لە "ئاگرپەرستی".

JS

خانوو رووخاوەكەی ئەردەبیل، بەھۆی تەقینەوەی مادەی دەستكرد بۆ یاری ئاگرین
خانوو رووخاوەكەی ئەردەبیل، بەھۆی تەقینەوەی مادەی دەستكرد بۆ یاری ئاگرین
كاریكاتۆرێك بەرامبەر یاری ئاگرین
كاریكاتۆرێك بەرامبەر یاری ئاگرین