ترەمپ بۆ رۆحانی: باشتر وایە ئاگات لە خۆت بێت

رۆحانی: ھەر كەس ھەڕەشە لە ئێران بكات پەشیمان دەبێتەوە

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆنالد ترەمپ وەڵامی سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن رۆحانی دەداتەوە و دەڵێت باشتر وایە ئاگاداری خۆی بێت، پاش ئەوەی رۆحانی لە 38مین ساڵیادی شۆڕشی وڵاتەكەی بە توندی ھێرشیكردە سەر ئەمریكا.

لێدوانی ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی قسەكانی رۆژی ھەینی رابردووی رۆحانی ھات كە گوتبووی "ھەر كەس ھەڕەشە لە ئێران بكات پەشیمان دەبێتەوە".

ترەمپ زۆر بە كورتی وەڵامی دایەوە و گوتی " باشتر وایە ئەو ئاگادار بێت".

خولی نوێی شەڕە قسەی نێوان بەرپرسانی ئەمریكا و ئێران پاش تاقیكردنەوەی موشەكی بالستیی ئێران دێت كە ھاوكاتە لەگەڵ رەتكردەنەوەی سیاسەتی پێشووی ئەمریكا بەرامبەر ئێران لە لایەن ئیدارەی نوێی ترەمپ.

رۆژی 2 شوباتی 2017، ئیدارەی ترەمپ ئێرانی خستە ژێر چاودێری ۆ ھۆشداریشی دایە ئەو وڵاتە كە وەك ئۆباما ھەموو شتێكیان لێ قبووڵ ناكات و پێشتریش ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنامەی ئەتۆمی كردبوو و لە تویتێكدا نوسیبووی "ئێران یاری بە ئاگر دەكات".

رۆحانی لە بەشێكی تری شەڕە قسەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا گوتبووی " ئەو كەسەی ھەڕەشە لە خەڵك و ھێزە چەكدارەكانی ئێران بكات، بزانێت خەڵكی ئێمە یەكپارچە و ھۆشیارە و لە بەرامبەر خراپییەكانی رادەوەستێت".

رێبەری ئێران عەلی خامەنەیی رۆژی 7 شوباتی 2017 رایگەیاند ترەمپ دەیەوێت ئێران بترسێنێت، بەڵام تاران لە ھەڕەشە ناترسێت.

ھەر پاش ئەم لێدوانە، گوتەبێژی كۆشكی سپی شان سپایسەر گوتی "ئێران گاڵتە بە خۆی دەكات، ئەگەر پێی وایە سەرۆكێكی نوێ لە ئەمریكا نەھاتۆتە سەر كار".

ئێران یەكێ لەو حەوت وڵاتانە بوو كە ترەمپ رۆژی 27 كانوونی دووەمی رابردوو ھاتنە ناوەوە و پێدانی ڤیزای بە ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی قەدەغە كرد.

دوایین لێدوانی ترەمپ لە بارەی ئێران لە فرۆكەخانە ھات، پێش ئەوەی بە یاوەری سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابێ بۆ كۆتایی ھەفتە بچێتە فلۆریدا.

JS

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆنالد ترەمپ بە یاوەری سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابێ بۆ كۆتایی ھەفتە دەچێتە فلۆریدا
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆنالد ترەمپ بە یاوەری سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابێ بۆ كۆتایی ھەفتە دەچێتە فلۆریدا