سعودییە: ئێران تاكە پشتیوانی سەرەكی تیرۆریزمی جیھانە

داوای دیاریكردنی ھێڵی سۆر بەرامبەر كردەوەكانی ئێران دەكات

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی سعوودییە عادل جوبێر بە رەتكردنەوەی بانگھێشتی ئێران بۆ دیالۆگ رایگەیاند تاران پشتیوانی سەرەكی تیرۆریزمە لە جیھاندا و ھێزی ناسەقامگیركردنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و دەیەوێت لەناومان ببات.

رویتەرز بڵاوی كردەوە جوبێر بە بەشدارانی 53مین كۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میونشن رایگەیاند "ئێران تاكە پشتیوانی سەرەكی تیرۆریزمە لە جیھاندا و بڕیاری تێكدانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دایە و ئەگەر ھەڵسوكەوتەكەی نەگۆڕێت، مامەڵە كردن لەگەڵ ئەم وڵاتە زۆر سەخت دەبێت".

وەزیری دەرەوەی سعوودییە ھەر لەبارەی رۆڵی ئێران لە رۆژھەڵاتی ناڤین گوتی "ئەم وڵاتە پشتیوانی لە حكومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا دەكات و ھاوكاری دارایی دەداتە حوسییەكانی جیاوازخواز لە یەمەن و گروپە توندرەوەكانی ناوچە".

لە كۆتایی قسەكانیدا لە بارەی ئێران، جوبێر رایگەیاند پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی "ھێڵی سور" بۆ پێشیگرتن بە كردەوەكانی ئێران دیاری بكات.

JS