مالیكی فوئاد مه‌عسووم هانده‌دات له دژی ریفراندۆم بوه‌ستێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی عه‌كازی سعوودی بڵاویكردووه‌ته‌وه، فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ نووری مالیكی جێگریدا كۆبووه‌ته‌وه و باسیان له له رێگریكردن له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كردووه.
رۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه عێراقییه‌كان باسی له‌وه كردووه، مالیكی داوای له فوئاد مه‌عسووم كردووه، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رێكبخات، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم له عێراق جیانه‌بێته‌وه و رێگری له هه‌ر هه‌وڵێكی له‌و جۆره‌ش بكه‌ن.
به گوێره‌ی رۆژنامه سعوودیه‌كه كه له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیه‌وه گواستوویه‌ته‌وه، هه‌فته‌ی داهاتوو داوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كۆبوونه‌وه به په‌لانه ده‌كرێت، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كانیش، باسكردن ده‌بێت له رێگریكردن له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به یاسا و به‌نده ده‌ستوورییه‌كان.
له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له رۆژی 7ی حوزه‌یران" یۆنیۆی ئه‌مساڵ، بڕیاردا رۆژی 25ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2017، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت.