چاوشئۆغڵو: مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرنگن

جه‌عفه‌ری: په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا پاشه‌كشه‌ی كردووە
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرنگن و لەبارەی ریفراندۆمیش داوای به‌رده‌وامی گفتوگۆ ده‌كات.

دره‌نگانی شه‌وی رابردوو مه‌ولود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق و بڕیاره‌ لەگەڵ فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆمار و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌لیم جبووری، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش كۆببێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌ به‌غدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستانیش كۆده‌بێته‌وه‌.

مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئیبراھیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بە گرنگییەوە لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانین، پێویستیشە سەرجەم کێشەکانیان لە چوارچێوەی دیالۆگێکی راشکاوانە چارەسەر بکەن.

گوتیشی، پێویستە بەغدا مافەکانی هەولێر بداتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان چەندینجار لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش گفتوگۆیان کردووە.

ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەی نێوانماندا باسمان لە پێویستی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق کرد.

ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەرادەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کردووە.

سه‌ردانه‌كه‌ی چاوشئۆغڵو، هاوكاتی ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ره‌، كه‌ له‌ رۆژی 19/8/2017 وه‌ ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی دژی داعش ده‌ستیپێكردووه‌و توركیا به‌رامبه‌ر به‌شداربوونی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ جه‌نگه‌كه‌دا هه‌ستیاریی هه‌یه‌ و پێشتر نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیوه‌.

هه‌روه‌ها له‌ هه‌رێمی كوردستانیش، بڕیاره‌ مانگی داهاتوو ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و توركیاش یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین جار رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وان ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ رێكاریكی درووست نازانن و له‌گه‌ڵیدا نین.

بۆیه‌ پێده‌چێت دۆسیه‌كانی گفتوگۆی وه‌زیره‌ توركه‌كه‌ و به‌رپرسانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، جه‌نگی داعش و پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردنی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی بێت له‌ ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ردا. جگه‌ له‌وه‌ش كێشه‌ی ئاوی نێوان عێراق و توركیا باس بكرێت كه‌ به‌هۆی درووستكردنی چه‌ندین به‌نداو له‌سه‌ر رووباره‌ سه‌ره‌كییه‌كان، كێشه‌ی بۆ عێراق درووستكردووه.