بەھرۆز گەڵاڵی ھۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی توركیا و یەكێتی ئاشكرا دەكات

"دەبێ پەكەكە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەھۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وڵاتی تورکیا مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێتی لە ئەنقەرا داخست و نوێنەرەکەشی ناردەوە ھەرێمی کوردستان، تا ئەو کاتەی یەکێتی بەسیاسەتی خۆیدا دەچێتەوە.

لە درەنگانی شەوی رابردوودا بەھرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەكێتی لە توركیا گەیشتەوە ھەرێمی کوردستان و لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "چەند رۆژێك لەمەوبەر لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاگاداركراینەوە، كە رووداوێك لە سنووری ژێردەسەڵاتی یەكێتی روویداوە و ئەوان لەو سیاسەتەی دەزگا ئەمنییەكان نیگەرانن، ئەمە وای لێھات كە مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە ئەنقەرە دابخرێت و داوایان لێكردم لەماوەی سێ رۆژ دایبخەین".

گوتیشی: "بوونی پەكەكە لەسنووری سلێمانی و ھاتن و چوونیان، كاریگەری زۆری ھەبووە بەسەر پەیوەندییەكانی توركیا و یەكێتی، پێویستە پەكەكە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت".