نەجمەدین كەریم: بەبێ پێشمەرگە حەویجە كۆنترۆڵ ناكرێت

ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەرزەو بە بەرزی دەمێنێتەوە

K24 - ھەولێر

دوای كۆتاییھاتنی كۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرماندەكانی ھێزی پێشمەرگە، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، لەكۆبوونەوەكە باسیان لە رێوشوێنی ئەمنی كردووە لەكاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە كەركووك، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەبێ پێشمەرگە حەویجە ئازاد ناكرێت.

نەجمەدین كەریم گوتیشی: "ئەو كۆبوونەوەیە بۆ ئەوە بوو بارودۆخی ئەمنی كەركووك تاوتوێ بكەین و بەرپرسانی پۆلیسیش بەشداریان لە كۆبوونەوەكە كرد، باسی ئەوەشكرا چۆن بەرەكانی شەڕ پتەو تر و بەھێزتر بكرێت و ئەوەی پێویستە جێبەجێ بكرێت و ئێمە وەك ئیدارەی كەركووك ئەوەی پێمان دەكرێت بۆ بەھێزكردنی سەنگەرەكان دەیكەین".

پارێزگاری كەركووك راشیگەیاند: "ھەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باسی ئەو مەترسیانە كرا كە لەسەر كەركووك ھەیە، بەتایبەتی ئێستا كە تەلەعفەر ئازادكرا، مەسەلەی ئازادكردنی حەویجە و ھەماھەنگی نێوان ھێزەكان تاوتوێكرا، پێشمەرگە ھەمووكات ئامادەییە بۆ ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق بە مەبەستی ئازادكردنی شارەكە، ھەڵبەتە ئەو كۆبوونەوانە بەردەوام دەبێت".

گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك و رێوشوێنی ئەومنی كرا بۆ ئەوەی لەكاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم شارەكە پارێزراوبێت".

نەجمەدین كەریم باسی لەوەشكرد: "دەمانەوێت بە خێرایی حەویجە كۆنترۆڵ بكرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵكەكەی بەشداری لە ریفراندۆم بكەن، بەبێ پێشمەرگە حەویجە كۆنترۆڵ ناكرێتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەو كەسانەی باسی مەترسییەكان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن، تەنھا بۆ ترساندنی خەڵك ئەو جۆرە قسانە بڵاودەكەنەوە، وەك چۆن پێش ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك بەھەمان شێوە قسەیان دەكرد".

ئەوەشی خستەڕوو: "كێشەی ئاڵا چارەسەركراوە، ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەرزەو بە بەرزی دەمێنێتەوە، ھەروەھا ریفراندۆمیش لە كەركووك ئەنجامدەدرێت".