ئێران ھەوڵی یەكخستنەوەی ماڵی شیعە دەدات

رێككەوتنی حزبوڵڵای لوبنانی و داعش بە ھەنگاوێكی ئاشتی و مرۆڤ دۆستانە دەزانێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە لەبارەی رێککەوتنەکەی حزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ رێکخراوی داعش، لەبارەی گواستنەوەی چەکدارەکانی لە سنوورەکانی لوبنانەوە بۆ سنوورەکانی عێراق، شاندێکی باڵای ئێران لە عێراقە بۆ گێڕانی رۆڵی نێوەندگێر، وەک هەوڵێک بۆ لێکنزیککردنەوەی هاوپەیمانی شیعە.

ئێران لەھەوڵدایە ناكۆكی نێوان لایەنەكانی عێراق و حزبوڵڵای لوبنانی سەبارەت بە ڕەوانەكردنی چەكدارانی داعش لە ڕۆژھەڵاتی لوبنان و سوریا بەرەو سنورەكانی عێراق بەڕێكەوتنێك چارەسەربكات .

تاران لیژنەیەکی باڵای بەسەرۆكایەتی موحسن رەزایی، سكرتێری ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران و مەحموود ھاشمی شاھرودی، سەرۆكی ئەو ئەنجوومەنە رەوانەی بەغدا دەكات و لەگەڵ سەركردە باڵاكانی حەشدی شەعبی كۆبوونەوە و رەزایی رایگەیاند، ئێران لەھەوڵی پێكھێنانی ھاوپەیمانێتییەكی بەرگرییە لەنێوان وڵاتەكەی و عێراق ، سوەریا و لوبنان، ئامانجی سەرەكییان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئیسڕائیل و ھاوپەیمانانی دەبێت.

لەسەرەتادا حەشدی شەعبی دژی رێككەوتنەكەی حزبوڵڵا و داعش بوون، دواتر بەھۆی فشارەكانی تاران لەو ھەڵوێستەیان پاشگەز بوونەوە و لەبری سەركۆنەكردنی ئەو ھەنگاوەی حزبوڵڵا بڕیاریاندا ھێزی زیاتر بۆپاراستنی سنوورەكانی عێراق سووریا رەوانەبكەن لە ئەگەری ھاتنی ئەو داعشانەی كە حەسەن نەسروڵڵا رێککەوتنی لەگەڵدا کردون.

لەم بارەیەوە بەھرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رێككەوتنەكەی حزبوڵڵای لوبنانی و داعشی بە ھەنگاوێكی ئاشتی و مرۆڤ دۆستانە وەسفکرد.