له‌ پێشوازی ریفراندۆمدا شه‌قام و باڵه‌خانه‌كان به‌ ئاڵای كوردستان ده‌ڕازێنرێنه‌وه‌

ئاهه‌نگ و گردبوونه‌وه‌ی پاڵپشتی ریفراندۆم فراوانتر ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

له‌ رۆژی 5/9/2017 وه‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ستیپێكردووه‌، پاش ئه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، بریاریدا تا رۆژی 22/9/2017 بانگه‌شه‌كردن به‌رده‌وام ده‌بێت و رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمه‌كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ست پێده‌كات.

هه‌ر چه‌نده‌ له‌ پاش دیاریكردن و بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان له‌ 7/6/2017 خه‌ڵكی كوردستان له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیان به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی پاڵپشتی و پشتگیریی بڕیاره‌كه‌ كرد، به‌ڵام له‌ پاش دیاریكردنی واده‌ی بانگه‌شه‌كردن له‌ لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه‌، شاره‌كانی كوردستان جوڵه‌ی زیاتریان تێكه‌وتووه‌و له‌ چه‌ندین شوێنی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌، چالاكی و گردبوونه‌وه‌ سازكراوه‌و شه‌قام و باڵه‌خانه‌كان به‌ ئاڵای كوردستان رازێنراونه‌ته‌وه‌.

رۆژ دوای رۆژ خه‌ڵكی كوردستان له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسیان نزیك ده‌بنه‌وه‌و سه‌ره‌ڕای هۆشداری و گوشار و هه‌ندێك جار هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه‌ ئیقلیمی و ناوخۆییه‌كانی عێراق و كه‌سایه‌تییه‌ نه‌یاره‌كانی دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ڵام ئاهه‌نگ و چالاكییه‌كان به‌ره‌و فراوانتر بوون ده‌ڕۆن و زیاتر هه‌ست به‌ گه‌رموگوڕی خه‌ڵك بۆ به‌شداریكردن به‌ "به‌ڵێ" له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ ده‌كرێت.