دەمیرتاش: رێز لە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەگرین

"خەڵكی كوردستان خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەكات"

K24 - ھەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) رایدەگەیەنێت، ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ھەرچی بێت ئەوان رێزی لێدەگرن و بە ھەموو شێوەیەك پاڵپشتی دەكەن.

دەمیرتاش كە نزیكەی 10 مانگە لە گرتووخانی ئەدرنە زیندانیكراوە، لە دیدارێكیدا بۆ گۆڤاری ئێسكپرێس، رایگەیاند، گەلی كوردستان خۆی چارەنووسی ھەرێمی كوردستان دیار دەكات و ریفراندۆم ئەنجام دەدات و ئەوان رێز لە ئەنجامەكانی دەگرن.

دەشڵێت، ئێمە داوا دەكەین ھەموویان یەكدەنگ بن و بە پەیمانێكی نیشتمانییەوە بەرەو ئەو پرۆسەیە ھەنگاو بنێن. ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان جەختدەکاتەوە، ئەنجامی ریفراندۆم ھەرچی بێت ئەوان لەگەڵیدان و رێز لە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەگرن.