پەرلەمانتارانی كورد بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ناكەن

پەرلەمانتارێك: تەنھا لە یەك حاڵەت بەشداری دەكەین

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان عێراق كۆببێتەوە و فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بەھۆی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەشداری كۆبوونەكە ناكەن.

نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان بڕیاری بایكۆتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانمان كردووە، دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە تا ئێستاش بەردەوامین لەسەر بایكۆت و بەشداری كۆبوونەوە ناكەین".

گوتیشی: "ئەگەر بزانین لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ھیچ بڕیارێكی دیكە دژی كورد دەدرێت، یان سەرۆكایەتی پەرلەمان وەڵامی بەیاننامەكەمان بداتەوە و وەڵامەكە ئەرێنی بێت، ئەوكات دەچینە نێو ھۆڵی كۆبوونەوەكان، بۆ ئەوەی قسەی خۆمان ھەبێت و وەڵامیان بدەینەوە".

لە 12/9/2017 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی رەتكردەوە، ئەمەش نیگەرانی فراكسیۆنە كوردستانیەكانی بەدوای خۆیدا ھێنا و كۆبوونەوەی پەرلەمانیان بایكۆت كرد.