ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی دێره‌زوور: رێگه‌ناده‌ین هێزه‌كانی ئه‌سه‌د له فورات بپه‌ڕنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د ئه‌بو خه‌وله، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی دێره‌زوور رایگه‌یاند: "ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی رێگه به هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا نادات له رووباری فورات بپه‌ڕنه‌وه‌و هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی سووریا بده‌ن".
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی دێره‌زوور كه له ژێر ئاڵای هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی به پاڵپشتی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌جه‌نگن، ده‌ڵێن "حكومه‌تی سووریا ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر بێت‌و هێزه‌كانی هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه‌و نزیكبوونه‌وه له هێزه‌كانمان بده‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌دا بینرا، ئه‌وه ته‌قه‌یان لێده‌كه‌ین".
ئه‌بو خه‌وله ده‌ڵێت: "ئێستا له نێوانی ئێمه و كه‌رتی رۆژئاوا ته‌نها سێ كیلۆمه‌تره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو له‌وه زیاتر هێزه‌كانی رژێم به‌ره‌و روومان بێن، ئه‌وه به هێرشكردنه سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی دێره‌زوور ده‌زانین و وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "رێگه به رژێم و میلیشیاكانی ناده‌ین بپه‌ڕنه‌وه به‌ری رۆژهه‌ڵات و هه‌موو گونده‌كانی رۆژهه‌ڵات تا ده‌گاته سنووری عێراق ئامانجی هێزه‌كانی ئێمه‌یه".