رۆژنامه‌یه‌كی بریتانی هۆكاری لێكچوونی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر ریفراندۆم ده‌خاته‌ روو

ریچارد سپنسه‌ر: به‌رپرسانی ئێران و ئه‌مریكا له‌ هه‌موو ده‌رگاكان ده‌ده‌ن تا سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ دواخستنی رازیبكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامه‌ی تایمزی بریتانی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ئه‌و هۆكاره‌ی خستووه‌ته‌ روو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌مریكا و ئێران له‌ یه‌ككاتدا له‌گه‌ڵ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا نیین و له‌وباره‌یه‌وه‌ شرۆڤه‌یه‌كی "ریچارد سپنسه‌ری به‌ ناونیشانی "دوژمنه‌كان دژی بزوتنه‌وه‌یه‌كی جوداخواز یه‌كده‌گرن" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ریچارد سپنسه‌ر ده‌ڵێت: "پلانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی دوو نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ (ئه‌مریكا و ئێران) بۆچوونیان وه‌ك یه‌ك بێت".

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ ده‌ڵێت: "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كی دژی یه‌كن و جیاوازن، به‌ڵام نوێنه‌ری هه‌ر دوو وڵاته‌كه‌ به‌ جیا جیا، له‌ هه‌موو ده‌رگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، تا تكا له‌ به‌رپرسانی كوردستان بكه‌ن، به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ دوابخه‌ن".

شرۆڤه‌كاره‌كه‌ی تایمزی بریتانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ "هه‌ر دوو وڵاته‌كه‌ بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆم نین، چونكه‌ هه‌ر لایه‌نێكیان پێیوایه‌، ئه‌نجامی ریفراندۆم له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وی دیكه‌ ده‌بێت".

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌شدا، ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 17/9/2017 بڕیاریدا، ریفراندۆم دواناخرێت و له‌ رۆژی 25/9/2017 ئه‌نجام ده‌درێت.