سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا: ريفراندۆم پرۆسه‌يه‌كى ديموكراسييه‌ و فه‌ره‌نسا دژى ناوه‌ستێته‌وه‌

سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا هه‌ڵوێستى وڵاته‌كه‌ى راگه‌ياند

K24 – نيويۆرك:

سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ئيمانوێل ماكرۆن له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا، كه‌ له‌ نيويۆرك سازيكرد، رايگه‌ياند، فه‌ره‌نسا دژى هيچ پرۆسه‌يه‌كى ديموكراتى نييه‌. وه‌ك ئاماژه‌يه‌ك بۆ ريفراندۆم.

هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى مێژوويمان له‌گه‌ڵ كوردى عێراق هه‌يه‌ و رێزيشمان بۆيان هه‌يه‌ كه‌ وه‌ك گه‌لێك به‌رگرى له‌ به‌هاكان و مێژووى خۆيان ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا كه‌ به‌ مه‌به‌ستى به‌شداريكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ى گشتى نه‌ته‌وه ‌يه‌كگرتووه‌كان له‌ نيويۆركه‌ گوتيشى: ريفراندۆمى 24ى مانگ كه‌ (به‌ هه‌ڵه‌ ئاماژه‌ى پێكرد و مه‌به‌ست لێى ريفراندۆمى 25ى ئه‌يلووله‌)، هيوادارين ببێته‌ هه‌نگاوێك بۆ زياتر نوێنه‌رايه‌تيكردنى كورد له‌ حكومه‌ت و له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا (مه‌به‌ستى عێراق بوو‌).

سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ئيمانوێل ماكرۆن ئه‌وه‌شى گوت: ئێمه‌ پێويستمان به‌ سه‌قامگيرى سياسى هه‌يه‌ به‌ جۆرێك كه‌ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق لاواز نه‌كات و فه‌ره‌نسا هيواى سه‌قامگيرى بۆ عێراق و سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ده‌خوازێت و هيوادارين حكومه‌ت نوێنه‌رايه‌تى هه‌موو كه‌مينه‌كان بكات به‌ تايبه‌تى كورد و داواش له‌ سه‌رۆك بارزانى ده‌كه‌م له‌ رێگه‌ى ئه‌م ريفراندۆمه‌ ئه‌و خواستانه‌ بێنێته‌ دى له‌ چوارچێوه‌ى داموده‌زگاكانى عێراقدا و جيابوونه‌وه‌ له‌ عێراقيش كاريگه‌رى نێگه‌تيڤى ده‌بێت.

به‌ڵام سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا هيچ داوايه‌كى بۆ دواخستن و وه‌ستاندنى پرۆسه‌ى ريفراندۆم نه‌كرد و وه‌ك پرۆسه‌يه‌كى ديموكراتى وه‌سفيكرد.