ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی حەویجە دەستیپێكرد

فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی عێراق دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی راگەیاند

K24 - ھەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجەی راگەیاند.

عەبادی ئاشكرای كرد: "ئەمە قۆناخی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجەیە، ئێستا ھێزەكانی عێراق، لە چەندین بەرەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش لەشەڕدان و لە سەركەوتنی یەكجاری و كۆتایی ھێنان بە داعش نزیكبوونەتەوە".

دوو رۆژ لەمەوبەر، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی رۆژئاوای ئەنباریش دەستپێكرد.

پێشتر سەرچاوە سەربازییەكانی عێراق ئەوەیان ئاشكرا كردبوو، كە لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجەی باشووری كەركووك، 48 ھەزار سەرباز لە ھێزە جیاجیاكانی عێراق بەشداری ئۆپراسیۆنەكە دەكەن و زۆرینەشییان لە پۆلیسی فیدڕاڵی دەبن، ھەروەھا 8 ھەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و 200 تانكی لە جۆری ئەبرامز و تی 72 و تی 55 لە شەڕەكاندا بەكاردەھێنرێن.