ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم: ریفراندۆم دواناخرێت

ده‌رگای گفتوگۆ داناخرێت

K24 - هه‌ولێر:

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم، به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات و راگه‌یه‌ندراوێكی چوار خاڵییان بڵاوكرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هێشتا به‌دیلی ریفراندۆم نه‌گه‌یشتووه‌، بۆیه‌ ریفراندۆم دواناخرێت و له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ كراوه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ و داناخرێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ـی٩ـی٢٠١٧، لە سەلاحەددین، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و نوێترین هەڵوێستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق هەڵسەنگێندران.

کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو بڕیارانە:

یەکەم: لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو بەدیلەی کە جێگەی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووە و کاتی گونجاویش نەماوە، ئەگەر گرێنتیی تەواو بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدرێت، ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

دووەم: بڕیار درا کە بەهەموو شێوەیەک دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەکراوەیی بهێڵدرێتەوە و کاتی پێویستی پێ بدرێت.

سێیەم: کۆبوونەوە بڕیاری دا کە بۆ ڕوونکردنەوەی دوایین هەڵوێست، شاندی دانوستانکاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ڕۆژی شەممە ٢٣ـی٩ـی٢٠١٧ سەردانی بەغدا بکاتەوە.

چوارەم: ئەنجوونی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری دا، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵا، هەردوو پڕۆژەی مافی پێکهاتەکان و ڕاگەیاندنی پرەنسیپی گشتیی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پێش 25ـی9ـی2017  بڵاو بکاتەوە.